بەندكراوێكی پێشووی ئەلقاعیدە هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكات

ئاژانسەكان-KDP.info- بەندكراوێكی پێشووی ئەلقاعیدە لە زیندانی گوانتانامۆ، هەڕەشە دەكات بە هێرشكردنەسەر ئەمەریكا لە كاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەو وڵاتە كە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت.
(ئیبراهیم ئەلقووسی) كە بەندكراوی ئەلقاعیدە بووە لە بەندیخانەی گوانتانامۆ و ئێستا لە وڵاتی یەمەنە، داوای كردووە هێرش بكرێتە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، بە گوتەی ئەو، هێرشەكە بۆ سەر خوانەناس و خاچپەرستەكانە.
(ئەلقووسی) هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ئەمەریكایشی كردووە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا و گوتوویەتی: "ناكارایی ئیدارەی ئۆباما ڕووسیا و ئێرانی لە ناوچەكەدا باڵادەست كردووە".
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی ئەمەریكا لە چەند ویلایەتێك هۆشدارییان بەرانبەر هێرشی چاوەڕوانكراوی ئەلقاعیدە داوە لە كاتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و، داوایان كردووە دەزگا پەیوەندیدارەكان بەئاگا بن كە نیویۆركیشی تێدایە لە نێو ئەو ویلایەتانەدا.
جێی باسە، (ئیبراهیم ئەلقووسی) لە ساڵی ٢٠١٢ بۆ سودان دوور خرابووەوە، بەڵام لە ٢٠١٥ وەك سەرۆكی گرووپی تیرۆریستیی ئەنسار ئەلشەریعە لە یەمەن سەری هەڵدایەوە.




