داوای دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی مووسڵەوە دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، مووسڵ لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە و داعش سیاسەتی نوێی گرتووەتە بەر، بۆیە داوای دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقیان لەبارەی شاری مووسڵەوە كردووە تا هەڵوێستێكی بوێرانەی لەو بابەتەدا هەبێت.
(د. فارس بریفكانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەكو پەرلەمانتارێك لە پشكی پارێزگای نەینەوا، لە رێگەی كۆكردنەوەی واژۆ و داواكارییەكی فەرمی، داوام لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە دانیشتنێكی بەپەلە تایبەت بە شاری مووسڵ گرێ بدرێت، چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستای شاری مووسڵ پێدا تێپەڕ دەبێت، تایبەت و لەناكاوە".
(بریفكانی) گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش سیاسەتێكی تر پەیڕەو دەكەن، ئەویش قەڵغانی مرۆییە و بۆ بەرگری خۆیان بەكاریان دەهێنن، خەڵكی مووسڵ گرووپ گرووپ دەستگیر دەكەن و بەكاریان دەهێنن، هەروەها كوشتنی بەكۆمەڵیش دەستی پێ كردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا خەریكە بە تەواوی بناخەی شاری مووسڵ دەڕووخێنن و خراپی دەكەن لەرێگای تەقاندنەوەی بارەگا و فەرمانگەكانی حكوومی و پرد و نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكان، ئەمەیش بەو مانایە دێت كە بارودۆخی مووسڵ زۆر خراپ دەبێت و شوێنەواری مووسڵ لەناو دەبەن و مەترسییەكی گەورە لەسەر ئایندەی ئەو پارێزگایە و خەڵكەكەی هەیە، بۆیە دەبێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەڵوێستێكی بوێرانەی لەو بابەتە دا هەبێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: "لەنێو پەرلەمانەوە داوای بوودجەیەكی تایبەت دەكەین كە لەلایەن سەرۆكوەزیران یاخود لەلایەن پەرلەمانەوە تەرخان بكرێت، چونكە بە بوودجەی كەمی مووسڵ هیچ ناكرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین بابەتی تر هەن لەو دانیشتنەدا دەیانخەینە ڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین و بڕیار و ڕاسپاردەیان پێ دەردەكەین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێدیش دەكەین و چاوەڕوانین دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەدەم داواكەمانەوە بێن بە زوویی، چونكە پێم وایە ئەو دانیشتنە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ ئێستا و پاشەڕۆژی مووسڵ، هەروەها دانیشتنەكە پشتیوانی دەبێت لەو ئۆپەراسیۆنەی كە بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ دەستی پێ كردووە".
نەشوان بەرزنجی




