سەرکردەیەکی نزیک لە 'حەکیم'ـەوە: سوپای پاسدارانی ئێران هانی عێراق و تورکیا دەدات بۆ شەڕ

ئاژانسەکان-KDP.info- بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی 'سیاسەت'ـی کوێت، سەرکردەیەکی نزیک لە عەمار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ڕایگەیاندووە هێزەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بەتایبەتی قاسم سلێمانی دنەی تورکیا و عێراق دەدات بیکەنە شەڕ؛ چونکە پێیان وایە ئەو شەڕە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە لە سووریا و یەمەن بۆ پشتیوانیی بەشار ئەسەد و حوسییە شیعەکانی یەمەن.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر پێکدادانێک لەنیوان هێزەکانی تورکیا و حەشدیشەعبی زیانێکی زۆری لێ دەکەوێتەوە و هۆشداریی سەرهەڵدانی شەڕی تائیفی ناو شارەکانی عێراقیشی دا بەو هۆیەوە.
ئەو سەرکردەیەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا فشارەکانی بۆ سەر حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق زیاد کردووە نەکا حەشدیشەعبی بچێتە ناو شارۆچکەی شیعەنشینی تەلەعفەرەوە، چونکە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیان هەیە لەگەڵ هێزەکانی تورکیادا.
سیاسەتی کوێت لە زاری ئەو کەسایەتییەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق خاوەن هێزێکی سەربازی و ئابووریی بەهێز نییە تا بتوانێت بەرەنگاری وڵاتێکی بەهێزی وەک تورکیا ببێتەوە، بۆیە ئەرکی حکوومەتی عێراقە کار لەسەر دەرکردنی داعش لەناو خاکەکە بکات و ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆیان.




