٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە سێ گەڕەكى مووسڵدا شەڕی كۆڵان بەكۆڵان دەستی پێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- فەرماندەیەكی دژەتیرۆری عێراق لە مووسڵ ڕایگەیاند، شەڕوپێكدادان لە نێوان هێزە عێراقییەكان و داعشدا لەلای چەپی مووسڵ بەردەوامە و، لە ئێستادا لە سێ گەڕەكدا شەڕی كۆڵان بەكۆڵان لەگەڵ داعش دەكرێت.

(سەباح نوعمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەلای چەپی شاری مووسڵ شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بەردەوامە و، ئێمەیش بەردەوام لە پێشڕەویداین و هەوڵ دەدەین ئەو ناوچەیە هەموو لە داعش پاك بكەینەوە، ئێستایش شەڕی كۆڵان بەكۆڵان لەگەڵ داعشدا دەكەین و پشت بە خوا لە پێشڕەوییەكانمان بەردەوام دەبین".

(نوعمان) گوتیشی: "لای ئێمە گرینگ ئەوەیە كە خەڵكی سڤیل پارێزراو بێت و لەو شەڕەدا زیانی پێ نەگات، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك نامانەوێت زیان بە خەڵكی سڤیل بگات".

بەرپرسی هێزەكانی دەزگای دژەتیرۆر لە میحوەری رۆژهەڵاتی مووسڵ ڕوونیشی كردەوە: "داعشمان گەمارۆ داوە و ئەوانیش بەرگری لە خۆیان دەكەن، بەڵام ئێمە پلان و تاكتیكی خۆمان هەیە بۆ ئەو شەڕە و زیانی زۆریشمان بە داعش گەیاندووە، چونكە ئەوان لەناو ماڵان و سەربانی خانووەكان شەڕ دەكەن".

راشیگەیاند: "ئێمە ئێستا لە سەرەتای لای چەپی مووسڵداین لە گەڕەكەكانی سەما و كەرامە و بەكر و، ئێستایش لەو گەڕەكانە شەڕی كۆڵان بەكۆڵان بەردەوامە، هەروەها داعش ژمارەیەكی زۆریان لێ كوژراوە و زۆر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان لێ تەقێندراوەتەوە، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی شەڕەوە، ناتواندرێت ژمارەی كوژراوان ئاشكرا بكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار