٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شارەزایەکی سەربازی: پلانی داعش شەڕی کۆڵان بەکۆڵانە.. توانای شەڕی بەرانبەری نییە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  شارەزایەکی سەربازی دەڵێت، رێکخراوی تیرۆریستی داعش پلانی داناوە شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی مووسڵ بکات، بۆیە زوو ناوچەکانی بەردەدات و ئەگەر توانایشی نەما، پێدەچێ پردەکانی مووسڵ بتەقێنێتەوە، چونکە هەموویانی بۆمبڕێژ کردووە.

شارەزای سەربازی (مەسعوود ساڵح) چەند هۆکارێک دەخاتە ڕوو وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ڕێکخراوەکەی داعش هێشتا شەڕی توند و سەختی لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراقدا نەکردووە، ئەو باوەڕی وایە کە ئەوەی هێشتا داعش دەیکا، پلانە.
ئەو شارەزا سەربازییە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی شیی کردەوە، "کاتێک دوژمن بە ئاسانی شوێنەکان لە دەست بدات، لە ڕووی زانستی سەربازییەوە دەبێ وایدابنێین کە بەدوایدا پلانێکی ھەیە. ئینجا ھێزی پێشمەرگە ھەموو ناوچەکانی خۆی ڕزگار کردووە و زیاتر ناچێتە پێشەوە، لەبەر ئەوەی بەپێی پێشبینی پێشمەرگە، لە نێو شاری مووسڵدا شەڕێکی دژوار دەقەومێ. خاڵێکی دیکە هەیە کە دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بکرێ، ئەویش ئەوەیە کە هێشتا شەڕی سەخت و دەستەویەخە لەنێوان سوپا و داعشدا رووینەداوە؛ دەبینین کە داعش تەنیا ھەندێک مەفرەزەی لە پێشەوەی خۆی داناوە و سودیان لێ وەردەگرێت، داعش ئاگادار دەکاتەوە کە سوپای عێراق گەیشتووەتە فڵانە شوێنە. داعش رێگە بە سوپای عێراق دەدات پێشڕەوی بکات، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی نزیک لەنێوان ھەردوولادا رووبدات، هەڵبەت ئەوان کەڵک لەو پێکدادانە نزیکە دەبینن و بەمە دەیانەوێت بۆردوومانی فڕۆکەکان بوەستێت."
(مەسعوود ساڵح) سەلماندنی بۆچوونەکەیشی لە دوو حاڵەتدا دەخاتە ڕوو و دەڵێ، "دەکرێت ئاگرێکی گەورە ھەڵکەن و مەودای بینین کەم بکەنەوە، یاخود پێکدادانی نزیک روو بدات لەو حاڵەتەیشدا فڕۆکە دیققەتی بۆردوومان و پێکانی ئامانجەکانی کەم دەبێتەوە."
ئەو شارەزایەی سەربازی ڕوونیشی کردەوە، داعش دەیەوێت سوپای عێراق بچێتە ناو مووسڵەوە و شەڕی کۆڵان بەکۆڵانی لەگەڵدا بکات، چونکە پێی وایە بەم شێوەیە لە بەرژەوەندییدایە. پێم وایە ھەر لە سەرەتاوە پلانیان داناوە شەڕی کۆڵان بەکۆڵان بکەن، چونکە توانای شەڕی رووبەڕووبوونەوەی نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، داعش ترێلەیەک تەقەمەنی بۆ هەریەک لە پردەکانی مووسڵی ئامادە کردووە، بۆئەوەی بیانتەقێنەوە و رێگری لە سوپا بکەن و رێگای نێوان ھەردوولای راست و چەپی مووسڵ نەھێڵن، بۆ ئەوەی گۆڕەپانی شەڕ ببێتە لای چەپی مووسڵ.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار