٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

فرانس پرێس: حەشدی شەعبی سیاسەتی ئێران پێڕۆ ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ئاژانسێکی فەرەنسایی باس لە ئەرک و شێوازی کارکردنی ڕێکخراوەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە عێراق دەکات و نووسیویه‌تی، حەشدی شەعبی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و وەک باسکی بەهێزی سەربازی و ئەمنیی ئێرانی ناو بردووە لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانی ئێران لە عێراق.

لە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا کە ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەرەنسا (ئار.ئێف.ئای) بڵاوی کردووەته‌وە، باس لە کاریگەریی حەشدی شەعبی دەکات لە کایە سیاسییەکانی عێراق، ئەو هێزەی کە کۆکراوەی چەکدارانی 42 ڕێکخراوی شیعەیە و وەک هێزەکانی دیکەی سوپای عێراق مووچەی خۆیان لە حکوومەتی بەغدا وەردەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە فەرەنساییەکە، حەشدی شەعبی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و وەک باسکی بەهێزی سەربازی و ئەمنیی ئێرانی ناو بردووە لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانی ئێران لە عێراق و، لەلایەن سەردار (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانییەوە سیاسەتەکانی تارانیان پێدەگات.

نێردراوی تایبەتی فرانس پرێس بۆ عێراق، لە ڕاپۆرتەکەیدا دوای سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران سەرچاوەی دابینکردنی داهات و چەک و کەرەستەی سەربازییە بۆ زیاتر لە 80 هەزار چەکداری حەشدی شەعبی و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە هەیە بەتایبەتی سوپای بەدر و کەتیبەکانی حزبوڵڵا، هەربۆیە پێی وایە کە ئەو هێزانە پێڕەوی لە سیاسەتەکانی ئێران دەکەن و کار بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە لە عێراق دەکەن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار