پرۆسەی ئازادكردنی ناوەندی شارۆچكەی تلكێف دەستی پێ كرد

تلكێف -KDP.info- بەرپرسی ناوچەی تلكێفی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێت، بەیانیی ئەمڕۆ سوپای عێراق دەستیان بە پێشڕەوی كردووە بۆ ئازادكردنی ناوەندی شارۆچكەی تلكێف و، تەواوی گوندەكانی سەر بەو شارۆچكەیەیش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رزگار كراون.
(یەڵدا شموئیل یەڵدا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، سوپای عێراق لە سنووری شارۆچكەی تلكێف دەستیان كردووە بە پێشڕەوی بۆ ئازادكردنی شاروچكەی تلكێف و پاككردنەوەی لە تیرۆریستانی داعش، كە تا ئێستایش پرۆسەكە بەردەوامە و هیوادارین هەر وەك چۆن پێشمەرگە قارەمانەكان توانییان لە ماوەیەكی كەمدا تەواوی دەوروبەری تلكێف بە گوندەكانەوە رزگار بكەن، سوپای عێراقیش بتوانن شارۆچكەی تلكێف ئازاد بكەن".
(یەڵدا) گوتیشی: "پرۆسەی ئازادكردنی سنووری تلكێف چوار بۆ پێنج رۆژ پێش ئێستا پێشمەرگە قارەمانەكان دەستیان پێ كرد بە ئازادكردنی گوندی باتنایە و كەفرۆك و كانی شرین و گرئیسحاق و سماقییە و، تەواوی گوندەكان لە تیرۆریستان پاك كرانەوە و پاش ئەمەیش دەست كراوە بە خاوێنكردنەوەی گوندەكان لەلایەن تیمی ئەندازەی سەربازی لە مین و بۆمبی چێنراوی تیرۆریستانی داعش".
نەشوان بەرزنجی




