٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"مالیکی ترسی هەیە مەلەفی ڕادەستکردنی مووسڵی لێ ئاشکرا بێ"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ئاخاوتنەكانی نووری مالكی هیچ بەهایەکی نییە و کار ناکاتە سەر کورد و هەرێمی كوردستان؛ مالكی چاوی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەڵنایەت، هەروەها ئاماژەی دا، مالكی بەرپرسی یەكەمە لە كەوتنی مووسڵ، لەوە دەترسێ بە گرتنەوەی مووسڵ مەلەفی ڕادەستیكردنی مووسڵ بە داعش لێی ئاشكرا ببێت.

 

دكتۆر (عەرەفات كەرەم) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: "ئاخاوتنەكانی نووری مالكی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە چاوی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەڵنایەت لە تێكشكاندنی داعشدا؛ دیارە ئەوە یەکەم جارە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێكەوە شەڕی دوژمنێكیان دەكەن، چەند پێشڕەوی بكرێت ئەوەندە حەیدەر عەبادی شكست بە نووری مالكی دێنێت، چونكە مالكی بەرپرسی یەكەمە لە كەوتنی شاری مووسڵ و لیژنەی لێكۆڵینەوە ئەوەی دەرخستووە، ئەوەش وای كردووە چەند پێشمەرگە و سوپای عێراق نزیكی مووسڵ دەبنەوە مالکی پێی شەرمەزارتر دەبێت."

 

پەرلەمانتارەكەی عێراق ئەوەشی ڕوون كردەوە: "نووری مالكی ترسی لەوە هەیە شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵبكرێتەوە و مەلەفی زیاتری لێ ئاشكرا ببێت لەوەی مووسڵی ڕادەستی گروپی تیرۆریستی داعش كرد لەبەر ئەوەش ئەوەندە تەنگەتاو بووە."

 

كەرەم گوتیشی: "مالكی تەنیا هەڕەشە نییە لەسەر عێراق بەڵكۆ زیاتر هەڕەشەیە بۆ سەر شیعە و ئیتلافەكەی، هەر لە سەرەتای خۆئامادەكردنەوە بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئەو كابرایە ئاستەنگی دروست دەكرد، چونكە زۆر پێی ناخۆشە مووسڵێكی ڕادەستی داعشی كردووە، بگیرێتەوە؛ ڕاستە مالكی پارە و دەسەڵاتی ماوە لە عێراق، بەڵام نە دەسەڵاتی بەسەركوردا دەشكێت نە بەسەر عەرەبی سوننەدا؛ ئاخاوتنەكانی هیچ بەها و كاریگەرییەکی نییە لەسەر كورد و هەرێمی كوردستان پێشمەرگە هەر بەردەوام دەبێت لە پێشڕەوییەكانیدا."

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار