نوێنەرێكی كریستیانەكان لە پەرلەمانی عێراق: کریستیانەکان باوەڕیان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق نەماوە

بەغدا-KDP.info- نوێنەرێكی كریستیانەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە، كریستیانەكان جارێكی دیكە ئەو باوەڕەیان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق نەماوە تا ناوچەكانیان بپارێزێن و دەشڵێ، پێویستە ناوچەی دەشتی نەینەوا لەلایەن خەڵكە رەسەنەكەیەوە بەڕێوە ببرێت نەك خەڵكێك لەسەرى بسەپێندرێت.
(جۆزێف سلێوە)، سەرۆكی فڕاكسیۆنی وەركا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: " زۆربەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە كۆنتڕۆڵ كراونەتەوە، هیوادارین بە كەمترین زیان رزگارمان بێت لەو ئۆپەڕاسیۆنە و بەڵای داعش لە ئێمە دوور بێت، ئێمە گەرەنتیمان دەوێت و وەكوو كریستیانیش ئەو گەرەنتییەمان لە كاك (مەسعوود بارزانی) وەرگرتووە و لە هەرێمی كوردستانەوە كێشەمان نییە، بەڵام دەبێت عێراقیش گەرەنتیمان پێ بدات، بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پرسی ئاشتەوایی نیشتیمانی كۆ ببینەوە و داوای ئەو گەرەنتییەیش بۆ كریستانەكان دەكەین".
(سلێوە) گوتیشی: "پاڵپشتیی نێودەوڵەتییش هەیە بۆ كریستیانەكان و هەموو لایەك گەییشتوونەتە ئەو باوەڕە، پێویستە خەڵكی ناوچەكە خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ناوچەكەیان بەڕێوە بەرن، هیچ باوەڕمان بە خەڵكی توندڕۆ نەماوە، دوای ئەو كارەساتەی داعش بەسەر گەلی ئێمەیدا هێنا، جارێكی دیكە لەوباوەڕەدا نین هێزە ئەمنییەكانی عێراق بمانپارێزن".
قائید میرۆ




