٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس لە دەڤەری مووسڵەوە ئاوارەی هەرێم بوونە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرچاوەیەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند تائیستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەری مووسڵەوە پەنایان بۆ هەریمی کوردستان هێناوە.

 

 لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (ناوەندی هەواڵی ئازاد)، هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەریمی کوردستان ئاشکرای کرد لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ تا ئەمڕۆ ٣٥٥٠ هاووڵاتیی ئەو ناوچانە ئاوارە بوونە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئەو سەرچاوەیە وتیشی، سەرجەم ئەو کەسانە لە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکانی مووسڵ لە پارێزگای هەولێر و دهۆکدا نیشتەجێ کراون و پێداویستیی سەرەتایییان بۆ دابین کراوە.

 

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لە ئاوارەکانی شەڕی مووسڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بە (ناوەندی هەواڵی ئازاد)ی ڕاگەیاند: "دە کەمپی نوێ بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکانی مووسڵ لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت و تا ناوەڕاستی مانگی دابێتەوە کارەکەیان تەواو دەبێت و، ٣٨٥٠٠ خێزان کە دەکاتە نزیکەی ٢٢٠هەزار کەس لەخۆ دەگرێت." سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەروەها پێشبینی کرد بەهۆی شەڕی ناوشاری مووسڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی زیاتری خەڵکی شارەکە ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئەو ژمارەیە بگاتە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس."

 

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا (دۆیچەڤێلە) بڵاوی کردەوە کە: "سوورەمانگی تورکیا ٢٠ ترێلە کەلوپەل و جلوبەرگ و خۆراکی لە ڕێی سنووری ئیبراهیم‌خەلیلەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئاوارەکانی شەڕی مووسڵ. وەک سەرچاوە ئەڵمانییەکە باسی کردووە بڕیارە سوورەمانگی تورکیا دەیان کامیۆنی دیکەی هاوکاریی سەرەتایی بۆ ئاوارەکانی مووسڵ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات."

هەواڵی پەیوەندیدار