عەرەبیجەدید: حەشدیشەعبی لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران ڕەوانەی سووریا دەکرێن
_(2)__2016_10_24_h16m3s57__HK.jpg)
ئاژانسەکان-KDP.info- سەرەڕای ناڕازیبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی ڕەوانەکردنی چەکدارانی حەشدیشەعبی بۆ سووریا بە مەبەستی بەرگری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد، ١٣ یەکەی سەربازیی حەشدیشەعبی بەرگری لەو ڕژێمە دەکەن.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری عەرەبیجەدید، سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ڕایگەیاندووە کە دوای گەڕانەوەی سەرۆکوەزیران لە نیۆیۆرک و بەشداریکردن لە کارەکانی دەستەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕازیبوونی خۆی دەربڕیوە لەبارەی بەشداریپێکردنی یەکەکانی حەشدیشەعبی لەپاڵ سەربازانی ڕژێمی سووریا بە مەبەستی بەرگری لە حکومەتی بەشار ئەسەد، بەڵام ئەم داوایەی لەلایەن سەرکردەکانی حەشدیشەعبیی شیعەوە بە توندی ڕەت کراوەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەکدارانی حەشدیشەعبی بەبێ بەرامبەر لە هەردوو فڕۆکەخانەی نەجەف و بەغداوە ڕەوانەی دیمەشق دەکرێن و ئەمە لەکاتێکدایە کە مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراقیش، فڕۆکەخانەکانی عێراق لەلایەن ڕێکخراوی بەدرەوە کۆنترۆڵ کراون و هەموو کارئاسانییەک بۆ گواستنەوەی ئەو چەکدارانە بۆ سووریا دەکەن.




