پشکی ھەرێم لە بوودجەدا نزیکەی ١١ترلیۆن دینارە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ پڕژەیاسای بوودجە کردووە، بەڵام تەواو نەکراوە و، خراوەتە حەفتەی دابێ؛ ئاشکراشی کرد پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ئەمساڵ ١١ترلیۆن دینارێکە.
عەرەفات کەرەم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بوودجە کرا، بەڵام تەواو نەکرا و خرایە حەفتەی دابێ؛ کە خوێندنەوەی یەکەم تەواو ببێ ڕەوانەی لیژنەی دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆیانی لەسەر ئامادە بکەن، ئینجا دەخرێتە دەنگدانەوە."
عەرەفات کەرەم گوتیشی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشت عێراق بڕەکەی ٧٩ترلیۆنو١١ملیارو٤٢١ملیۆن دینارە و ھەر بەرمیلێک نەوت بە ٤٢ دۆلار خەمڵێندراوە؛ لەو بڕە پشکی ھەرێم ١١ترلیۆنو٦٠٠ملیارو٢٨ملیۆن دینارە، بەڵام بوودجەی سیادە وحاکمیەیشی لێ دەردەکرێت.
گوتیشی، ئەمە تەخمینییە و ڕەنگە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، بەڵام پڕۆژەکە ھەمان پڕۆژەکەی پارە و ھیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە.
باسی لەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ جیاواز بێت لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی سەردانی بەغدای کردووە و ڕەنگە ئەمجارە ڕێککەوتن بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




