٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شارەزایەکی سەربازی: دنیا سوود لە شەڕە داعشبەزێنەکەی پێشمەرگە وەردەگرێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  شارەزایەکی سەربازی دەڵێ، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چەک و تەقەمەنییەکی زیاتر بداتە پێشمەرگە؛ لەبەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی ھەموو دنیا  شەڕی داعش دەکات و دەسکەوتەکانیش ھەموو دنیا سوودی لێ وەردەگرێت.

 

شارەزای سەربازی شوان محەمەد تەھا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرکەوتنی ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی مووسڵ گەرەنتیە و مسۆگەر، چونکە ھەماھەنگییەکی باش لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیمانانیشدا ھەیە؛ جا ھێزی پێشمەرگە هەتا سەرکەوتن ناسرەوێت."

 

شوان محەمەد تەھا گوتیشی، ئەم شەڕەی ئێستا شەڕێکی قورس و درێژخایەنە، بۆیە چەک و تەقەمەنییەکی زیاتری دەوێ؛ پێویستە ھاوپەیمانان و عێراق زیاتر ھاوکاریی پێشمەرگە بکەن؛ وەزیری بەرگریی ئەمەریکاش باسی لەوە کردووە کە ئەو پرسە لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم خراوەتە بەردەستی؛ جا پێویستە پەلەی لێ بکەن."

 

ئەو شارەزایەی سەربازی باسی لەوەش کرد، نەک تەنها ھەرێمی کوردستان بەڵکو ھەموو دنیا سوود لە دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە وەردەگرێت، چونکە پێشمەرگە بە نوێنەرایەتیی ھەموو جیهان شەڕی داعش دەکات.

 

گوتیشی: "ڕاستە هاوپەیمانان پشتی ھەرێمی کوردستانیان گرتووە؛ بەڵام پێویستە زیاتری کەن، لەبەر ئەوەی ئەو چەکانەی پێشمەرگە شەڕی پێوە دەکات، ھی ئەو شەڕە گرانە نییە، بەڵام پێشمەرگە ئیرادەی بەھێزە و بەو ئیرادەوە شەڕ دەکات؛ سەنگی پێشمەرگە وای کردووە لەو شەڕە قورسانەدا سەر بکەوێت."

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار