پەرلەمانتارێكی مەسیحی: ناوی کۆمەڵێک لای ئێمەیە دەستیان هەبووە لەگەڵ داعش
__2016_10_23_h15m4s25__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- نوێنەرێكی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیدا، خەڵكێك هەبووە لە دەشتی نەینەوا و مووسڵ دەستیان هەبووە لەو نەهامەتییە بەسەر مەسحییەكاندا هات و دوای گرتنەوەی مووسڵ بە یاسا سزا دەدرێن.
(كەمال یەلدا) پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی ڕاگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق زۆربەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوایان گرتووەتەوە و گەلی ئێمە سپاسی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و نوێژ و نزا بۆ هێزی پێشمەرگە دەكەن. لەكاتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچە مەسیحینیشەكان ژمارەیەك خەڵكی ناوچەكە و مووسڵ دەستیان هەبوو لەو نەهامەتییەی بەسەر گەلی ئێمەدا هات، ناویان لای ئێمەیە بۆ ئەوەی لە كاتی گرتنەوەی مووسڵ بە یاسا سزا بدرێن؛ زۆرن ئەوانەی بووبوونە چاوساغی داعش و مڵك و ماڵی ئێمەیان تاڵان دەكرد."
یەلدا گوتیشی: "دوای ئارامبوونەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، مەسیحییەكان دەبێت بۆ ناوچەیەكی ئارام بگەڕێنەوە و یەكسەر دەشتی نەینەوا بكرێت بە پارێزگایەكی سەربەخۆ، بەڵام تەنیا بۆ گەلانی مەسیحی نییە، بەڵكو دەمانەوێن پارێزگایەك بێت بۆ گەلی كورد و مەسیحی و پێكهاتەكانی ناوچەكە، چونكە چەندین ساڵە پێكەوە دەژین و چارەنووسمان هەریەكە.
پەرلەمانتارەكەی مەسیحی ئەوەشی خستە ڕوو: "پارێزگای نەینەوا كە دروست بکرێ سەربەخۆ دەبێت و، دوای ئەوەی بە تەواوی ڕەوشەكە ئارام بوویەوە، ڕاپرسی دەكرێت بزانین خەڵكی ناوچەكە دەیەوێ سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان سەر بە عێراق، گومانیشی تێدا نییە بڕیارەكە بۆ خەڵك دەبێت چی بڕیار دەدەن."
قائید میرۆ




