سوپای عێراق گەیشتە ناو حەمدانیە

حەمدانیە-KDP.info- سوپای عێراق گەیشتوونەتە ناو قەزای حەمدانیە و هێشتا ماوە قەزاکە ئازاد بکرێتەوە.
عەمید دێدەوان خورشید بەرپرسی ژۆری ئۆپەراسیۆنەكانی میحوەری خازر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سەركەوتنەكەی دوێنێی هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ پێشمەرگە لە هیچ بەرەیەكەوە بەرەو مووسڵ پێشڕەوی نەكردووە و سنووری ئێمە كۆتایی هات، تەنیا سوپای عێراق پێشڕەوی بەرەو نێو مووسڵ دەكات، تا ئێستاش بڕیار نییە ئێمە بچینە نێو مووسڵەوە و پێشمەرگە سەنگەری لێ داوە لە ناوچە تازە ئازادكراوەكانداوە و هەر ئەوێ دەبێتە دوا سەنگەریان؛ ئەگەر داواش بكرێت ئامادەین بچینە هەموو شوێنێك."
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەڵێ: "لە شەڕەكەی دوێنێدا داعش گورزی پێ كەوت و ئەمڕۆش كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی نەتوانن بەرگری لە خۆیان بكەن و زۆربەیان بەرەو نێو سەنتەری شاری مووسڵ پاشەكشەیان كردووە."
عەمید دێدەوان گوتیشی: "ئەمڕۆ سوپای عێراق بەردەوام لە پشێڕەویدا بووە و گەیشتوونەتە سەنتەری شارۆچكەی حەمدانیە، بەڵام قەزاكە بەتەواوی كۆنتڕۆڵ نەكراوەتەوە، تەنیا دە كیلۆمەترێك ماوە بچنە نێو شاری مووسڵ و ئەمشەو سوپا لە حەمدانیە دەمێنێتەوە."
قائید میرۆ




