ئەنجوومەنی نوێنەران كۆ دەبێتەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و، سێ پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدان و پرسیاری زارەكییش ئاڕاستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانی دەكرێت.
(د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی ژمارە (23)ـی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و، كارنامەی دانیشتنەكەیش ئەوەیە كە سێ پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدان و هەروەها پرسیاری زارەكی ئاڕاستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانی دەكرێت و، پاشانیش خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای پێشنیازكراوی یاسای سەندیكای خاوەن پیشەی تەندروستی و دواتریش راپۆرت و گفتوگۆ لەسەر سێ پڕۆژەیاسای تر دەكرێت و لە كۆتاییشدا بابەتی تایبەت بە مەلەفی ئاو و كارەبا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت".
(جاف) گوتیشی: "تا ئێستا دیار نییە كە ئایا لە دانیشتنەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق ناوی كاندیدانی وەزارەتەكان پێشكەش بە پەرلەمان دەكات یاخود نا، چونكە لە كارنامەكەی دانیشتنی ئەمڕۆدا نییە و بڕیاریشمان وەرگرتبوو دەبێت سێ رۆژ بەر لە دانیشتنی پەرلەمان، سیڤیی كاندیدان یاخود ئەو پڕۆژەیاسایانەی دەخرێنە ناو كارنامەی دانیشتنەكانەوە، بدرێت بە پەرلەمانتاران".
نەشوان بەرزنجی




