176 تیمى ته‌ندروستی بۆ کاتی ئازادكردنى مووسڵ ئاماده كراوە
_(1)__2016_10_15_h18m7s5__HK.jpg)
مووسڵ-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌رى گشتیی ته‌ندروستى پارێزگاى مووسڵ به وه‌كاله‌ت دەڵێت شەڕی ئازادكردنەوەى شارى نه‌ینه‌وا زۆر نزیكه و 176 تیمیان ئاماده كردووه.
(د. ئه‌حمه‌د نازم دوبهردانى) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پرۆسه‌ى ئازادكردنى شارى مووسڵ نزیك بووەته‌وه؛ به‌و مه‌به‌سته‌ش له شارى هه‌ولێر به سه‌رپه‌رشتیى وه‌زیرى ته‌ندروستیى هه‌رێم و بریكارى وه‌زیرى ته‌ندروستیی عێراق و ئاماده‌بوونى ته‌ندروستى هه‌ولێر و دهۆك و سه‌رۆكى لیژنه‌ى ته‌ندروستیی په‌رله‌مانى عێراق و خۆم وه‌كو ته‌ندروستى نه‌ینه‌وا و سه‌رجه‌م تیمه ته‌ندروستییه‌كانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا پێشتر كۆبوونه‌وه‌ى خۆمانمان کردووە و چه‌ندین بڕیار ڕه‌زامه‌ندىی له‌سه‌ر نیشان دراوه و پلانمان داناوه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان ته‌ندروستیى نه‌ینه‌وا و هه‌ولێر و دهۆكدا هه‌بێت و ببنه یه‌ك تیم و به یه‌كده‌ست خزمه‌تى ته‌ندروستى پێشكه‌ش به هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و تازەئاواره‌کان بكه‌ین."
بەڕێوەبەرى گشتیى ته‌ندروستیی پارێزگاى مووسڵ به وه‌كاله‌ت دەیشڵێت: "پلانه‌كه‌مان ده‌ست پێ ده‌كات له كه‌رتى شنگالەوە تا كه‌رتى به‌رده‌ڕه‌ش، تایبه‌ت ده‌بێت به ته‌ندروستى دهۆك له خازریشەوە تا ده‌گاتەوە كه‌رتى مه‌خموور و گه‌یاره سه‌ر به ته‌ندروستى هه‌ولێر ده‌بێت؛ ٥٦ تیممان داناوه له كه‌رتى دهۆك و، نزیكه‌ى ١٢٠ تیمیشمان داناوه له كه‌رتى هه‌ولێر كه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیى ته‌ندروستیی هه‌ولێر و دهۆكدا ده‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمانه‌ى خۆیان كه ئاماده‌یان كردووه بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه تا له ڕۆژى ده‌ستكردن به ئازادكردنى مووسڵ ئاماده بن و خزمه‌ت بكه‌ن."
(دوبهردانى) ڕوونیشی كرده‌وه كه: "ئه‌مڕۆ ئه‌و پێداویستى ته‌ندروستى و ده‌رمان و كه‌لوپه‌له‌كانى پێویستن له هه‌رسێ ته‌ندروستى هه‌ولێر و دهۆك و نه‌ینه‌وا كردمان به یه‌ك لیست بۆ پرۆسه‌ى ئازادكردنى مووسڵ و ئێستا گه‌یشتووەته به‌غدا له كۆگاى ده‌رمان تا بۆمان ڕه‌وانه بكه‌ن له ماوه‌ى ئه‌م حه‌فته‌یه بگاته ده‌ستمان و ئاماده‌یان بكه‌ین تا له كاتى شه‌ڕ كه‌موكووڕیمان نه‌بێت."
نه‌شوان به‌رزنجى




