٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

جاف: دەبێ حکوومەتی عێراق زیاتر ئامادەکاری بۆ گرتنەوەی مووسڵ بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤ دەڵێ دەبێ حکوومەتی عێراق ئامادەكارییەکی زیاتر بكات بۆ شەڕی مووسڵ.

د. ئەشواق جاف ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی حکوومەتی عێراق لە دوای ڕزگاركردنی شاری فەلووجە ڕایگەیاندووە كە توانای نییە ئەوەندە ئاوارە لەخۆ بگرێت، ئێمەش وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوامان لە حکوومەت كرد داوای یارمەتی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بكات. دەبێ حکوومەتی عێراق ئامادەكارییەکی زیاتر بكات بۆ شەڕی مووسڵ چونكە شەڕەكە زۆر لەمە زیاتر هەڵدەگرێت، مووسڵیش دووەم پارێزگای عێراقە لە ژمارەی دانیشتووانەوە، كە ڕزگار دەكرێت خەڵكەكەش ئاوارە دەبێت. بۆیە ئێمەش چەند خاڵكێمان بە حکوومەت داوە كە بریتین لە: 

 

یەكەم/ دەبێ بەر لە دەست پێكردنی شەڕ كەمپەكان ئامادە بكات بۆ ئاوارەكان، چونكە نازاندرێت ئەم شەڕە چەند دەخایەنێت و وابەرەو وەرزی سەرما دەچین. بۆیە دەبێ كەمپی پێشكەوتوو بە پێداویستیەكانی ژیانەوە ئامادە بكرێت.

دووەم/ داوامان كردووە ڕوداوەكانی فەلوجە دووبارە نەبێتەوە لە پشكنینی خەڵك دا، خۆ كاتێك خەڵك لە شارەكە دەردەچێ دەبێ لەلایەن لیژنەی ئەمنییەوە وردبینیان بۆ بكرێت و ئەوانەی داعش بوونە جیا بكرێنەوە بەڵام ئەم كارە دەبێ سەنتەری كۆنترۆڵی تایبەت مەند بیكات، لیژنەیەكی حكومیش سەرپەرشتی بكات بۆئەوەی حکوومەت ئاگاداری كەم و كوریەكان بێت و زوو چارەسەری بكات. دەبێ هەماهەنگیەكی زۆر بەهێز لەنێوان حکوومەتی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی عێراق هەبێت، چونكە زۆرینەی ئاوارەكان هەوڵی ئەوە دەدەن بچنە هەرێم و بۆیە دەبێ زانیاری ئاڵوگۆربكەن.

سێیەم/ دەبێ ئەو هێزانەی بەشداری لە شەڕی ڕزگار كردنەوەی مووسڵ دەكەن دیاری بكرێن، بۆئەوەی هێزەكان لەكاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا تووشی شەڕی یەكتر نەبن و ڕوبەروی یەك نەبنەوە. ئەو ئاراستەو ناوچەیەش بۆ سەرجەم هێزەكان دیاری بكرێت كە كاری تێدا دەكەن. 

چوارەم/ ئەگەری ئەوە هەیە داعش خەڵكی لاشەڕ وەكو قەڵغان بەكار بێنێت یان ڕێگا نەدات لە مووسڵ دەربچن، بۆیە دەبێ سەرجەم هێزەكان لە سەرجەم لایەنەكان ئاگاداری پێكانی ئەنجامەكانیان بن، نەهێڵن خەڵكی لاشەڕ زیانی گیانی بەر بكەوێت. 

 

شاری مووسڵ دووەم سارەی گەورەی عێراقە و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق كەوتە دەست تیرۆریستانی داعش. بڕیارە لەم مانگەدا ئۆپەراسینی ئازادكردنەوەی دەست پێ بكرێت.

سەرباز واحید

 

هەواڵی پەیوەندیدار