مەموزینی: داعش كەش و هەوای مووسڵی تێكدا و ئاڵاكانیان هێنایە خوار

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دەڵی، بەهۆی ئاگر تێبەردانی نەوتی ڕەشەوە لەئێستادا دووكەڵ بەسەر ئاسمانی مووسڵەوە هەیە و بەرونی دەبیندرێت و كەش وهەوای شارەكە تێك چووە.
(سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش پێنج چاڵی گەورەی لەناو مووسڵ لێداوە و پڕی كردوون لە نەوتی رەش، ناوە ناوە بەشێكی ئاگر تێبەردەدات بۆئەوەی كەش و هەوای ناوچەكە تێك بچێت و فرۆكەكانی هاوپەیمانان نەتوانن بنكە و بارەگاكانیان بپێكێت یاخود چەكدارەكانیان بە ئامانج بگرێت، ئاڵاكانیشیان لەسەر بارەگاكان داگرتووە."
(مەموزینی) گوتیشی: "بەهۆی ئاگر تێبەردانی نەوتی ڕەشەوە لەئێستادا دووكەڵ بەسەر ئاسمانی مووسڵەوە هەیە و بەرونی دەبیندرێت، كەش و هەوای شارەكەش تێك چووە. بەڵام ئاگری گەورەیان بۆ ئەو كاتە هەڵگرتووە كە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی مووسڵ دەست پێدەكات."
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، ئەمرۆ بەهۆی ئاگرتێبەردانی نەوتی ڕەش لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كەش و هەوای شاری مووسڵ تێك چووە و كاریگەری راستەوخۆشی كردۆتە سەر كەش و هەوای چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان.
سەرباز واحد




