ئەمڕۆ پێنجشەمە، داعش پێنج پردە سەرەكییەكەی مووسڵی داخست

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی ۱٤ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پێنج پردی سەرەكی لە شاری مووسڵ داخست و، هەموو هاتوچۆكردنێكی هاووڵاتیانیشی لەسەر ئەو پردانە قەدەغە كردووە، لەبەر ئەوەی دەزانێ لەو شارەدا شكست دەهێنێت.
(سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا دێت دەستپێكردنی ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگاركردنی مووسڵ نزیك دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی ئامادەكارییە سەربازییەكان تەواو بوون و هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەیش لە ئامادەشیدان، بۆیە داعش لە ترسی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە، ئەمڕۆ پێنجشەمە، پێنج پردە سەرەكییەكەی شاری مووسڵی داخست".
(مەموزینی) گوتیشی: "ئەو پێنج پردە هەردوو لای چەپ و ڕاستی شارەكە لە یەكدی جیا دەكاتەوە و هیچ هاووڵاتییەك بۆی نییە لە لای ڕاست بۆ لای چەپ و بەپێچەوانەوە بپەڕێتەوە، هەروەها داعش بۆیە ئەو پردانەی داخستووە، تا بۆمبڕێژیان بكات و لە كاتی شكستی لە لای چەپ، لەمپەر لە بەردەم هێزەكاندا دروست بكات، چونكە باش دەزانێ لای چەپی شارەكە زوو لە دەست دەدات".
هەژار مەموزینی




