"عێراق بۆ خۆی ئەو هێزەی توركیای هێنا"
__2016_10_12_h17m5s28__HK.jpg)
بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشوبەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، عێراق بۆ خۆی هۆكار بوو بۆ هاتنەناوەوەی ئەو هێزەی توركیا.
شاخەوان عەبدوڵا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەنگۆیان داخستووە گوایە هەرێمی کوردستان ئەو هێزەی تورکیا هێناوە، بەڵام درۆیەکە بۆ چەواشەكردنی خەڵك. ئێمە لە مانگی دووی ئەمساڵەوە لەگەڵ عەبادیدا قسەمان كرد لەسەر ئەم هێزەی توركیا و عەبادی خۆی گوتی ئێمە دەرقەتی تورکیان نایەین، بەڵام ڕێگەی دیپلۆماتیکمان گرتووەتە بەر."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایشوبەرگری ئاشكراشی كرد: "عێراق بۆ خۆی هۆكار بوو بۆ هاتنە ناوەوەی ئەو هێزەی توركیا، چونكە 4هەزار چەكداری حەشدیعەشایەری بە فیتی هەندێك پەرلەمانتار مووچەكانیان بڕا و پارەی سەربازگەكانیان بڕا، ئەوانیش ناچار پەنایان بۆ توركیا برد تا بێ پشتگیرییان لێ بكات و بتوانن بەردەوام بن. كەواتە ئەگەر حكوومەتی عیراق دارایی ئەوانی نەبڕیبا هێزی توركیاش نەدەهاتە عێراق."
شاخەوان عەبدوڵا ڕوونیشی كردەوە: "بۆ بابەتی ڕزگاركردنەوەی مووسڵ زیاتر تەماحێكی ئیقلیمی هاتووەتە پێشەوە، هەر دەوڵەتێك پێی وایە كە ئەگەر بەشداری بكات لە ڕزگاركردنەوەی مووسڵ و لەناوبردنی داعش ئەوا پشكێكیشی لەو دەسکەوتە بەر دەكەوێت. بۆیە توركیا پێی وایە ئێران بە هێزەوە هاتۆتە پێش بە حەشدیشەعبی و پەكەكە پاڵپشتییان دەكات. بۆیە ئەویش پێی وایە دەبێ پاڵپشتی لە هێزێك بكات تا لە بەرانبەر ئەو هێزە بەدیل بێت و بتوانێت دوایی مووسڵ بكاتە هەرێمێكی سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی عێراقدا پێگەی خۆی بەهێز بكات. ئەگەر ئەو سونانەی كە دژی شێعەن خۆیان بانگی توركیایان نەكردبا ئەوا خۆی نەیدەتوانی بێتە پێشەوە، ئەم كارەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە كاتی هاتنی حەشدیشەعبی بۆ ناو شاری مووسڵ سەروماڵیان تاڵان نەكرێت."
ئاشكرایشی كرد: "ئەو هێزانەی كە حكوومەتی عێراق و هەرێم و هاوپەیمانان لەسەری كۆكن بۆ ئەوەی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵدا بكەن ئەمانەن: سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵ، پێشمەرگە، حەشدی عەرەبی خەڵكی ناوچەكە، چەند فەسیلەیەكی حەشدیشەعبی كە پیشمەرگە و هاوپەیمانان پێیان ڕازین و بە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیان هەژمار ناكرێن."
شاری مووسڵ لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014ـدا دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش؛ بڕیارە بەم نزیكانەدا ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی لە چنگی تیرۆرستان دەست پێ بكات.
سەرباز واحد




