نورەدینی: لادانی وەزیر ئاسانە بەڵام پڕكردنەوەی زۆر ئەستەمە

بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ, لادانی وەزیرەكانی حكوومەتی عێراق ئاسان بوو، بەڵام پڕكردنەوەیان زۆر ئەستەم دەبێت، دارودەستەی مالیكی، حکوومەتەكەی عەبادی بنکۆڵ دەكەن، ئەم كارانەشیان عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات و داهاتووی عێراق ڕەشتر دەكات.
د. ئەردەڵان نوورەدینی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لادانی وەزیرەكانی حکوومەتی عێراق ئاسان بوو، بەڵام پڕكردنەوەیان زۆر ئەستەم دەبێت، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە حکوومەتەكەی عەبادی لاوازە و عەبادی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پەرلەمانتارێکی وای لەگەڵدا نییە؛ تاخمەكەی مالیكی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا زیاترن و هەڕەشە لە هەر وەزیرێك دەكەن كە مل بۆ داواكانیان شل نەكات، بەوەی كە بانگێشتی پەرلەمانی دەكەن و متمانەی لێ وەردەگرنەوە. هەر وەزیرێك كە لە شوێنەكەی لادەدرێت زۆر ئەستەمە بتواندرێت بە ماوەیەكی پێویست و كەم شوێنەكەی پڕ بكرێتەوە، بە تایبەت ئەگەر وەزارەتەكەی سیادی بێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە: "عێراق بەرەو هەڵدێرێك دەڕوات و ڕێزگرتتن لە ڕێكکەوتن نەماوە، تەنها هەر لایەنەی هەوڵی بەهێزكردنی خۆی دەدات و بەسەر سەری ئەوانی تر دەكەوێت. بۆیە زۆر ئەستەمە هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی وەزارەتەكان ئێستا بێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت بۆ پۆستەكەی، عەبادیش تا ئێستا نەیتوانیوە كەسانێك پێشنیار بكات بۆ پۆستی وەزارەتەكان كە زۆربەی پەرلەمانتاران پێی ڕازی بن، خۆ بوونی ئەو وەزیرانەش بۆ ئێستادکە زۆر زۆر پێویستە."
نوورەدینی ئاشكراشی كرد: "گروپەكەی مالیكی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا نایانەوێت عەبادی و حکوومەتەكەی بەهیچ شێوەیەك سەر بكەوێ؛ دەیانەوێت مالیكی دەسەڵات بگرێتەوە دەست. لەم لایشەوە حکوومەتەكەی عەبادی بەهەموو شێوەیەك لاواز دەكەن، ئەم كارانەی مالیكی و گروپەكەی، عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات و دواڕۆژی عێراق ڕەشتر دەكات. خۆ كاتێك مالیكی هاتە سەر دەسەڵات هیچ كارێكی ئەوتۆی پێ نەكرا تەنها گەندەڵی و شەڕی مەزهەبی لە عێراق زۆر زیادی كرد."
سەرباز واحید




