لیژنەی ئاساییش و بەرگری: بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵدا، سنووردار كراوە

مووسڵ-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ جەخت دەكاتەوە، حەشدی شەعبی تەنیا لە دەرەوەی شار بەشداری لە ئازادكردنەوەی مووسڵدا دەكات و، لە ناوچە كوردستانییەكان و سەنتەری شاری مووسڵدا بەشداری ناكات.
(هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە هێزێكی حەشدی شەعبی بەشداری لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا بكات، بەڵام رێگەیان پێ نادرێت بێنە ناوچە كوردستانییەكان و سەنتەری شاری مووسڵ، بەڵكوو لە هەندێك ناوچەی دەرەوەی شاری مووسڵ بەشدار دەبێت".
(بریفكانی) گوتیشی، بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵ، هەمووئامادەكارییەك كراوە، لەوانە پلان دانراوە و هێزیش ئامادەیە و چەكیش هاتووە، تەنها ماوە دەست پێ بكات.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری ڕوونیشی كردەوە، بڕیارە جگە لەو هێزانەی هاتوون، هەندێكی هێزی دیكە رەوانەی چەند میحوەرێك بكرێن بۆ شەڕی مووسڵ، بەڵام ئەو كێشەیەی نێوان عێراق و توركیا، رەنگە هەندێك پرۆسەكە دوا بخات.
بڵند ئیبراهیم




