٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

به‌غدا پاره‌ بۆ ئاواره‌كانی مووسڵ ده‌نێرێته‌ هه‌رێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info
 
دهۆك-KDP.info-  به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ پارێزگای دهۆك ده‌ڵێت، له‌ رۆژانی داهاتوو گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ی پاره‌ بۆ ئاواره‌كانی مووسڵ ده‌گاته‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو  له‌سه‌ر ئاستی باڵا حكوومه‌تی هه‌رێم و عێراق پلانی وه‌رگرتنی هه‌زاران ئاواره‌ی شاری مووسڵیان داڕشتووه‌.
 
(مه‌جید شوكری) به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتى كوردستانى راگه‌یاند: "به‌پێی ئاماره‌كانمان له‌ پارێزگای دهۆك 165 هه‌زار خێزانی ئاواره‌ له‌ سنووری پارێزگا دهۆك هه‌یه‌ و تۆماركراون، پازده‌ ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی سێ كه‌مپی نوێ تا ئێستا له‌و پاره‌یه‌ پێنج ملیار دینار گه‌یشتووته‌ هه‌رێمی كوردستان و ڕاده‌ستی ئیداره‌ی پارێزگای دهۆك كراوه‌، بڕیاره‌ له‌ رۆژانی داهاتووش ده‌ ملیار دیناری دیكه‌ش بگاته‌ هه‌رێم، ئه‌و پاره‌یه‌ش ته‌نیا بۆ ژێرخانی كه‌مپه‌كانه‌، به‌و پاره‌یه‌ خزمه‌تگوزاری ئاو و كاره‌با و رێگا و بان بۆ كه‌مپه‌كان دابین ده‌كرێت.
 
 (شوكری) گوتیشی: "به‌پێی پێشبینی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یه‌ك ملیۆن هاوڵاتی له‌ مووسڵ ئاواره‌ ده‌بن، به‌ڵام به‌پێی مه‌زه‌نده‌ی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق 750 هه‌زار كه‌س ئاواره‌ ده‌بن، هه‌موو ئاماده‌كاریه‌كیش بۆ هاتنی ئاواره‌كان كراوه‌ و هاوكاریه‌ مرۆڤیه‌كان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانی شاری مووسڵ ده‌كه‌ن.
 
 به‌ڕێوه‌به‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانى دهۆك ده‌شڵێت، ئێمه‌ ئه‌زموونمان  له‌گه‌ڵ ئاواره‌كان هه‌یه‌ و به‌پێی پلانی هیچ ئاواره‌یه‌كی نوێ ناگوازینه‌وه‌ بۆ پارێزگای دهۆك، چونكه‌ گومانى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ چه‌كدارانی داعش خۆیان بخزێنه‌ نێو ئاواره‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش هه‌ر كه‌سێك له‌مه‌ودوا وه‌ك ئاواره‌ بێته‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌كانی نێوان دهۆك و نه‌ینه‌وا نیشته‌جێ ده‌كرێن و رێگه‌ نادرێت خانووی سه‌ربه‌خۆ بگرن و له‌نێو كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێ ده‌كرێن.
 
 
 قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار