چەتۆ: هاوكاریكردنی بەغدا بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكان زۆر لاوازە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێ، لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای مووسڵ هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكانی مووسڵ تەواو كردووە، بەڵام هاوكارییەكانی بەغدا زۆر لاوازن.
(سەیدۆ چەتۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكانی مووسڵ لە كاتی دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی شارەكەدا چەندین لیژنە دروست كراون، لەوانە ئەمنی و تەندروستی و خزمەتگوزاری و سەرپەرشتیكردن و چەند لیژنەیەكی دیكە، لە ئێستایشدا ئەو لیژنانە هەموو كاری خۆیان تەواو كردووە و هەر كاتێك پرۆسەكە دەست پێ بكات، ئەو لیژنانە ئامادەن بۆ كاری خۆیان".
(چەتۆ) گوتیشی: "ئامادەكارییەكان لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگای مووسڵە، بەڵام هاوكارییەكانی بەغدا زۆر لاوازن و هاریكاریی ئێمەیان نەكردووە".
بڵند ئیبراهیم




