پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، كۆتایی نەهاتووە

بەغدا-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ئاشكرای كرد، هێشتا پرسی وەرگرتنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری) لای پارتی كۆتایی نەهاتووە و لە رۆژانی دابێ وردبینی بۆ سكاڵای پارتی دەكرێت لە دادگای باڵای فیدڕاڵدا.
(د .تاریق گەردی)، جێگری سەرۆكی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هێشتا پرسی لێسەندنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق لای ئێمە وەك پارتی یەكلا نەبووەتەوە، ئێستا لە دادگای فیدراڵی سكاڵامان تۆمار كردووە و هێشتا پرسی لێسەندنەوەی متمانە یەكلا نەبووەتەوە، لەبەر ئەوەیش تا كەیسی وەزیری دارایی یەكلا نەبێتەوە، ئێمە وەك پارتی هیچ دانوستانێك لەبارەی دانانی وەزیرەكان ناكەین، چونكە رۆژی ١٠ـی ئەم مانگە، رۆژی وردبینییە لە كەیسی وەزیری دارایی لە دادگای باڵای فیدڕاڵ".
لەبارەی ئەوەی لە ئەگەری یەكلابوونەوەی كەیسی وەزیری دارایی پۆستەكە هەر بۆ پارتی دەمێنێتەوە، (گەردی) گوتی: "بەپێی رێككەوتنی پێشوو، دەبێت پۆستێكی سیادی بۆ كورد بێت و لەناو كوردیش بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، بەڵام ئایا هەر ئەو پۆستە بۆ كورد دەمێنێتەوە، واتە وەزیری دارایی یان پۆستێكی دیكەی وەك نەوت و دەرەوە، لەوانەیە جێگۆڕكێ لە پۆستەكەی كورددا بكرێت".
قائید میرۆ




