پەرلەمانتارێك: باشتر وایە دوای پەسەندكردنی بودجە، هەرێم و بەغدا رێككەوتن بكەن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بۆ ئەوەی كێشە بۆ بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان دروست نەكرێت، باشتر وایە دوای پەسەندكردنی بوودجە، هەرێم و بەغدا رێككەوتن ئەنجام بدەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان (د. عەرەفات كەرەم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە رای من باشتر وایە گەر شاندی هەرێمی كوردستان چووە بەغدا، لە ئێستادا لەبارەی نەوت و بوودجەوە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەكات، لەبەر ئەوەی گەر رێككەوتن بكەن پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەند بكرێت، كێشە بۆ بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت لەلایەن هەندێك كوتلەی پەرلەمانەوە، بۆیە باشترە رێككەوتنەكە جارێ دوا بخرێت".
(كەرەم) گوتیشی، دەتواندرێت دوای ئەوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق پەسەندكرا، ئەوكات لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی رێككەوتن لەبارەی نەوت و بوودجەوە بكرێت، ئەو وەختەیش هیچ كێشەیەك دروست نابێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، لە ئێستادا سەرۆكوەزیران ئامادەیە بۆ ئەوەی داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، لەبەر ئەوەی پێویستی بە كورد هەیە و مەترسی لەسەر حكوومەتەكەی هەیە، بۆیە ئامادەیە رێككەوتن لەگەڵ كورد بكات وجێبەجێی بكات، بەڵام ئەگەر لە پەرلەمان كێشەی لەسەر دروست نەكرێت، چونكە لە ئێستادا لە پەرلەمان بە جیا بڕیار دەدرێت.
بڵند ئیبراهیم




