٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەڵمانیا لە دهۆکدا هاوکاریی زیانلێکەوتووانی دەستی داعش دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئاژانسەکان-KDP.info-  حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە لە ڕووی ڕاهێنانی دەروونییەوە هاوکاریی ئەو ژن و منداڵانە بکات کە لە شەڕی داعشدا تووشی تێکچوونی باری دەروونی هاتوون. 

بە پێی هەواڵێکی سایتی دۆچەڤێلەی ئەڵمانی، حکوومەتی ئەو وڵاتە لە شاری دهۆک سەنتەرێکی دەروونی بە ناوی ئەنستیتۆی قزلخان دەکاتەوە بۆ ڕاهێنانی دەروونیی ئەو ژن و منداڵە عێراقییانەی کە لە ئەنجامی شەڕی داعش و ئاوارەبوونیان، تووشی شڵەژانی دەروونی هاتوون و پێویستیان بە چارەی پزیشکی و ڕاهێنانی دەروونی هەیە.

بە گوێرەی هەواڵی سەرچاوەکە، تیمێکی ٣٠ کەسی خولی تایبەت بە چۆنیەتیی ڕاهێنانی ئەو نەخۆشانە دەبینن و دواتر لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی پسپۆڕانی ئەڵمانی لە سەنتەری ناوبراو لە شاری دهۆک، دەست بە ڕاهێنانی دەرووی و پەروەردەکردنی ئەو ژن و منداڵانە دەکەن کە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ئاوارە بوون و لە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارەکان لە هەریمی کوردستان نیشتەجێ کراون. ئەڵمانیا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لەو سەنتەرەدا زیاتر لە ٦٠٠ نەخۆشی دەروونی چارەسەریان بۆ دەکرێت.

شایانی باسە، وەک سەرچاوەکەی ئەڵمانیا باسی کردووە، تائێستا لە ئەڵمانیا نزیکەی ١٠٠ کەس لەو نەخۆشانە خراونەتە ژێر ڕاهێنانی دەروونی و ڕەوشی تەندروستییان باشتر بووە، هەربۆیە دەیانەوێت بە دامەزراندنی ئەو سەنتەرە و کارپێکردنی لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، خزمەتی زیاتر بەو کەسانە بکەن کە پێویستیان بە ڕاهێنانی دەروونی هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار