٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شارازەیەكی ئەمنی: بە گرتنەوەی مووسڵ، داعش كۆتایی دێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی ئەمنی ئاماژە بە پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ دەكات لە ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستیی داعش و ئاشكرای دەكات، شەڕی گرتنەوەی مووسڵ زۆر ناخایەنێت و بە گرتنەوەی مووسڵیش، تەنیا فكرەی داعش دەمێنێ لەسەر زەوی و، هیچ ناوچەیەكی بەدەستەوە نامێنێ.

(شوان محەممەد تەها)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەوەی تا ئێستا روونە، ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ بەشداری لە شەڕی مووسڵدا دەكەن، پێك هاتوون لە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و حەشدی نیشتمانی و حەشدی عەشایەری و پۆلیسی نەینەوا، لەبەر ئەوەی پڕۆسەكە پێوەستە بە ئیرادەی خەڵكی مووسڵەوە، سوپای عێراق سەرپەرشتیی پڕۆسەكە دەكات بە هەماهەنگیی هەرێمی كوردستان، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییش لە ڕووی هەواڵگەری و ئاسمانییەوە بەشدار دەبێت، پێم وا نییە پڕۆسەی گرتنەوەی مووسڵ ئەوەندە بخایەنێت، چونكە خەڵكی مووسڵ لەگەڵ داعشدا نییە".

(ته‌ها) گوتیشی: "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە هۆی هێرشی ئاسمانییەوە، گورزی گەورە بەر تیرۆریستانی داعش كەوتووە و ناتوانن بەرگری بكەن، كێشە ئەوەیە شەڕی مووسڵ هەر مووسڵ نییە، بەڵكوو تا حەلەبە، كۆتایی داعش رزگاركردنی حەلەب و رەققە و ناوچەكانی دیكەیە، لەبەر ئەوە بە گرتنەوەی مووسڵ داعش لە عێراق كۆتایی دێت، تەنیا  لە سووریا دەمێنێ".

ئەو شارەزا ئەمنییە ده‌شڵێت، داعش هەر رووە سەربازییەكەی نییە و چەند چەكدارێك نییە، بەڵكوو لە ڕووی فكرەوە زیاتر كاری كردووە، كاتێك قسە لەسەر نەمانی گرووپی تیرۆریستیی داعش و نەخشەی دوای داعش دەكرێت، پێویستە حكوومەت و دەزگە پەیوەندارەكان هەماهەنگی بنوێنن بۆ ئەوەی فكری داعش نەهێڵن، ئاشكرایە تیرۆر بەر لەوەی كاری تیرۆرستی بێت، فكری تیرۆرە، بەڵام دوای گرتنەوەی مووسڵ داعش هیچ زەوییەكی بەردەست نامێنێ و تەنیا ئەگەر تاك و تەرا  چەكدارەكانیان بمێنن، بەڵام وەك ئەوەی ئێستا ناوچەیەك داگیر بكەن، ئەوە نامێنێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار