٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بۆ پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ، چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ‌ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، پلان و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ تەواو بووە و چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكرێت، هەموو ئەو هێزانەیش كە بەشداری دەكەن، ئەركەكانیان و میحوەرەكانیان دیاری كراوە.

(هاشم بریفكانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پلان و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ تەواو بووە و، چاوەڕوانی سەعاتی سفر دەكەین و تا 10ـی ئەم مانگە شتێك لەو بارەیەوە بە دیار دەكەوێت".

(بریفكانی) گوتیشی: "هەموو ئەو هێزانەی لە پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵدا بەشدار دەبن، دیاری كراون، لەوانەیش گشت هێزە ئەمنییەكانی عێراق، هەروەها لەو كۆبوونەوەیەی لە شاری هەولێریش ئەنجام درا و (سەرۆك بارزانی) سەرپەرشتی كرد، ئاماژە بەوە درا كە هەموو هێزەكان بەشداری دەكەن و ئەركەكانیان و میحوەركانیشیان دیاری كراوە وەكو سوپای عێراقی و هێزەكانی پێشمەرگە".

شاری مووسڵ، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە لە دوای بەغدا لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە شەوی 9/10 حوزەیرانی 2014 هاتە داگیركردن و، بە هۆیەوە خەڵكێكی زۆری ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و ئێستایش رۆژ لە دوای رۆژ ئەو شارە لە ئازادكردن نزیك دەبێتەوە و ئامادەكاری بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی دەكرێت.

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار