وەزیری پەروەردەی عێراق: ھەرێم نانی خۆی لەگەڵ ئاوارەکاندا بەش کردووە

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی عێراق ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات کە نانی خۆی لەگەڵ ئاوارەکاندا بەش کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢/١٠/٢٠١٦ لە ھۆتێل (ڕۆتانا)ی شاری ھەولێردا، (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان و (د. محەمەد ئیقباڵ) وەزیری پەروەردەی عێراق کۆ بوونەوە.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، کە ھەماھەنگییەکی باشمان ھەبووە لەگەڵ وەزاەتی پەروەردەی عێراق لە ڕووی ھاوکایکردنی قوتابییە ئاوارەکانەوە کە زیاتر لە (۱٠٠) قوتابخانەی خۆمان لە شیفتی دووەم بۆ دیاری کردبوون سەرەڕای ئەوەی کە شوێن و کابینە و پێویستی دیکەمان بۆ زیاتر لە (٥٠٠) قوتابخانەی دیکە دەستەبەر کردبوو، بەڵام ئەم دۆخە نەخوازراوە ئابوورییەی کە ڕووی لە ھەرێمەکەمان کردووە زۆر قورسە بتوانین ئەو ٢٥٠ھەزار قوتابییە بحەوێنینەوە، چونکە ئێمە شەڕی مووسڵیشمان لە پێشە و ئەگەری ڕووتێکردنی سەدانهەزار ئاوارەی دیکەشمان ھەیە".
(دکتۆر پشتیوان سادق) باسی لەوە کرد کە حکوومەتی ھەرێم درێغی نەکردووە دەرھەق بە ئاوارەکان، بەڵام توانای حکوومەتیشی بە سنووردار ھەژمار کرد، چونکە دۆخی ھەرێم باش نییە لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە ھاوکار بن لە دۆخی پەروەردە و پێویستییەکانی خوێندنی ئاوارە عێراقییەکان، چونکە دۆخی خۆمان دژوارە."
گوتیشی: "توانیمان دۆخە سەختەکەی ساڵی ٢٠١٤ تێپەڕێنین و نزیکەی ٧٠٠ قوتابخانە دھۆک بخەینە خزمەتەوە کە بەوەش نزیکەی دوو مانگ دەوامی خوێندن دوا کەوت، بۆیە گەر ئێستا دەستوبردی لێ نەکەین، تووشی کێشەی گەورەتر دەبین."
وەزیری پەروەردە کۆبوونەوەی ئەوڕۆی وەزارەتی پەروەردەی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق و ڕێکخراوی (یونیسێف)ـی ھەر بەم مەبەستانەی سەرەوە بەستەوە و ھیوای خواست کە بەرەنجامی باشی ھەبێت.
(د. محەمەد ئیقباڵ) وەزیری پەروەردەی حکوومەتی عێراق دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە لە ھەرێمە و لەگەڵ وەزیری پەروەردەی ھەرێمدا کۆ دەبێتەوە و سپاسی ھەڵوێستی باشی حکوومەتی ھەرێمی کرد کە بەدەم ئاوارەکانەوە بووە و نانی خۆی لەگەڵ ئاوارەکاندا بەش کردووە.
ئینجا گوتی: "ئەم کۆبوونەوانە زۆر گرنگن بۆ ھەماھەنگی و ھاوکاریکردنی یەکتر، ھەرچەندە ئێمە ھاوکاریی یەکترمان کردووە و چەندین قوتابخانەمان دروست کردووە بۆ ئاوارەکان، بەڵام کۆسپەکە زۆر و گەورەیە و دەکرێت بە ھاوکاریی ھەردوو لا و یونیسێفیش بەسەریدا زاڵ ببین."
وەزیری پەوەردەی عێراق باسی ددانپیانان بە بڕوانامەکانی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لای ئێمە ئەو ددانپیانانە زۆر گرنگ بوو و شوکر بۆ خوا پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت توانیمان بڕیار بدەین لەسەر ئەوەی کە ددان بە بڕوانامەکاندا بنرێت؛ ئێمە ئاگادرین کە ھەرێم دۆخی قورسە و بەم بارقورسییەیش نانی لەگەڵ ھاووڵاتییەکانی ئێمەدا بەش کردووە و ھیوادارم ھاوکاری یەکتری بین لە ھەموو ڕوویەکەوە."
پاشان گفتوگۆکە بە ئامادەبوونی شاندی ھەردوو وەزارەت و ڕێکخراوی یونیسێف دەستی پێ کرد و قسە و بڕیار درا لەسەر ئاستەنگەکانی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنیان و پێکهێنانی لیژنەی پایەبەرز لە ھەردوو لا بۆ بەدواداچوون سەبارەت بە قوتابییە ئاوارەکان و دانانی پلانی ساڵی نوێی خوێندن و زیاترکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و تۆمار و ئەزموون و بوودجەی قوتابی و مامۆستای ئاوارە.
بڵند ئیبراھیم




