بودجەی ئەمساڵیش ٢٠ترلیۆن دینار زیاتریش کورت دەهێنێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئابووریو وەبەرهێنان دەڵێت، بودجەی ساڵی دابێی عێراق ١٠٢ترلیۆن دینارە، بەڵام زیاتر لە ٢٠ترلیۆن دینار کورت دەهێنێت.
ئەندامی لیژنەی ئابووریووەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراق تا ئێستا نەگەیشتووە بۆ پەرلەمان، بەڵام ڕەنگە ئەمساڵ زووتر لە جاران بگاتە دەست ئێمە بۆ ئەوەی پەسەندی بکەین."
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی: "بڕی بوودجەی ساڵی دابێی عێراق ١٠٢ترلیۆن دینارە، بەڵام کورتهێنانی زۆرە کە زیاترە لە ٢٠ترلیۆن دینارە، ئەم ڕێژەیە نزیکەی ٣٠ترلیۆن دینار بوو، بەڵام بانکی نێودەوڵەتی قبووڵی نەکرد بۆیە کرایە زیاتر لە ٢٠ترلیۆن دینار."
(نەجیب) ڕوونیشی کردەوە، کورتهێنانەکە زیاتر بووە لەبەر ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەرمیلی نەوت بە ٤٦ دۆلار خەمڵێندرا بوو کە نرخی نەوت نەگەیشتە ئەو ئاستە و ئەمساڵی بەرمیلی نەوت بە ٤٣ دۆلار خەمڵێندراوە.
گوتیشی، لە مانگی سێوە داوامانکردووە کە حکوومەت ڕوونکردنەوە بدات دەربارەی نەدانی پشکی هەرێم لە قەرزەکان، بەڵام تا ئێستا وەڵام نییە، بۆیە داوا دەکەین لەم حەفتەیە سەرۆکوەزیران بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوە بدات.
بڵند ئیبراهیم




