لە شارەدێی دیبەگەدا کەمپێکی نوێ دەکرێتەوە
__2016_09_29_h17m47s44__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- سوورەمانگی ئیمارات، لە شارەدیی دیبەگەدا ئاوارەخان (کەمپ)ـێکی تازەی دروست کردووە؛ سەرۆکی سوورەمانگی ئیمارات ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤وە هاتوونەتە یارمەتیی ئاوارەکانی نیشتەجێی کوردستان؛ پێی وایە کە ئەمە بەڵگەیە بۆ درێژەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا.
لە مەراسیمی کردنەوەی ئاوارەخانە نوێیەکەی دیبەگەدا، نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە پڕۆژەکانی سوورەمانگی ئیمارات کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی ھاوکاری وڵاتی ئیماراتی عەرەبی کە بە سوورەمانگی ئیماراتدا بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئەمڕۆش یەکێک لە پڕۆژەکانیان تەواو بووە و ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، پڕۆژەکەش بریتییە لە بەرفراوانکردنی کامپی دیبەگە کە ٨٠٠ جێوڕێ لەخۆ دەگرێت و دوو قوتابخانەی لێیە و لەگەڵ پێداویستییەکانییان و ھەر جێوڕێ (یەکەیەکی نیشتەجێبوون)یەک دوو ژووری لێیە؛ ئاو و کارەباکەیشی دابینە."
سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانی ناو کامپی دیبەگەش، پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی ڕایگەیاند: "ئەگەرچی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک ئاوارە گەڕانەوە شوێنی خۆیان بەڵام بە گشتی کامپی دیبەگە ئێستا ٣٢ھەزار کەسی تێدایە و نزیکەی ١٠ھەزار کەسیش بێ جێوڕێن چونکە ڕۆژانە لە ناوچەکانی حەویجەوە خەڵک ئاوارە دەبن و ڕوو ئاوارەخانەکەی دیبەگە دەکەن."
ھەر لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیمارات، محەمەد عەتیف فەلاح تیشکی خستە سەر ھاوکارییەکانی سوورەمانگی ئیمارات و گوتی: "سپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی دەکەین کە زەمینەسازیی کرد بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پرۆژەکانمان لێرە جێبەجێ بکەین و ئەو پڕۆژە و ھاوکارییانەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان درێژە پێ بدەین."
فەلاح گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٤ پرۆژە و ھاوکارییەکانمان لە ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و پێشبینی دوو ملیۆن ئاوارەمان کردووە و ئەمڕۆش ئەو کامپە ڕادەستی پارێزگای ھەولێر دەکەین و پێویستە ئەوەش بڵێین ئەمڕۆ جگە لەکردنەوەی ئەو کامپە، کۆمەڵێک پڕۆژەمان لەناو شاری ھەولێر جێبەجێ کرد و سبەی نەخۆشخانەیەک لە شەقڵاوە دەکەینەوە و ڕادەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەین."
کامپەکانی دیبەگە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی دەکرێت و سەرۆکی ئەو دەزگایەش ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە حکوومەتی عێراق ھەست بە بەرپرسیاریێتی بکات و چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوارەکان و پەنابەران بدۆزێتەوە. سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەحمەد مووسا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان بەکارھێناوە، بەتایبەت بەردەوام ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە لەگەڵ ڕێکخراوە بیانییەکان کە ھاوکاری تەواوی ئاوارەکان بکرێن چونکە ھێشتا بەشێکی زۆری پەنابەران لە دەرەوەن و ئەوانەی لەدەرەوە دەژین ڕێژەیان زیاترە لەو ئاوارانەی لەناو کامپەکان دەژین، سەرەڕای ئەوەش زۆرجار پێداویستییەکانی خانووبەرە دابین دەکرێت بەڵام لە بابەتی خۆراک کێشەمان ھەیە و پێویستە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەوێتە ئەستۆی ئاژانسەکانی یوئێن، چونکە ئێستا لە کامپی ئاوارەکان و پەنابەرەکانیش بەشێکی زۆر لە خێزانەکانیان خۆراکیان ڕاگیراوە.
مووسا ئەحمەد گوتیشی: "خاڵێکی دیکە دەبێت ئاماژەی پێ بکەین ئەویش دەبێت حکوومەتی عێراق ھەست بە بەرپرسیارێتی بکات؛ چونکە دەبینین ئەرکێکی زۆر قورس لەسەر شانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەوان پەیوەندییەکانیان باش بکەن و چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە."
فایزە کۆیی




