٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نەجیبە نەجیب: لە غیابی زێباریدا، كێشەی دارایی قووڵتر بووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێ سەرجەم كۆبوونەوەكان لەگەڵ سندوقە نێودەوڵەتییەکەی دراو پەكی كەوتووە و لەوەتی (هۆشیار زێباری) بە هەوڵێكی سیاسی بەرکنار کراوە، كێشەی دارایی لە عێراق زۆر قووڵتر بووەتەوە.

نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە یاسای بوودجەدا هاتووە وەزیری دارایی كەسی یەكەمە بۆ گفتوگۆ و دانوستان و واژۆكردن و بڕیارە داراییەكانی وڵات، بەڵام ئێستا دوای بەرکنارکردنی (هۆشیار زێباری) وەزیری دارایی عێراق بە هەوڵێكی سیاسی بۆشایی لە پۆستەكەدا دروست بووە و سەرجەم كارە گرنگەكانی وەزرەتی دارایی وەستاوە. پێرێ (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیران زۆر بە ڕوونی باسی لەوە كرد كە نەدەبوو (زێباری) متمانەی لێ وەربگیرێتەوە، چونكە وڵات لە تەنگژەیەكی گەورەی ئابووریدایە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەیشی دا: "ئەو ڕێكەوتنەی نێوان سندووقە نێودەوڵەتییەکەی دراو و حكومەتی عێراق لە سەدان خولی دانیشتن و كۆبوونەوە پێك دێت، چونكە ئەو 5ملیارو500ملیۆنەی بڕیارە بە عێراقی بدەن بە یەك قۆناخ نایدەن، بەڵكو هەر سێ مانگ جارێك كۆبوونەوە دەكرێت و بڕێکی لێ ڕەوانە دەكەن، بەڵام ئێستا وەزیری داراییمان نییە و سەرجەم ئەو كۆبوونەوانە پەكی كەوتووە  كە لەگەڵ سندووقە نێودەوڵەتییەکەی دراودا دەبا بكرابا؛ چونكە تەنها ئەو مافی بڕیاردانی لەم دانیشتنانەدا هەیە، كەسی تر ئەو مافەی نییە."

نەجیبە نەجیب جەختیشی كردەوە: "تاوەكو وەزیرێكی نوێ دەستنیشان دەكرێت و دەستبەكار دەبێت و شارەزای ڕێکكەوتنەكان دەبێ، كاتێكی زۆری دەوێت. لەوەتەی (زێباری) بە هەوڵێكی سیاسی لا دراوە، كێشەی دارایی لە عێراق زۆر قووڵتر بووەتەوە."

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار