بەغدا جگە لە قەرز، ٣٥ملیار دۆلار پاشکەوتی عێراقیشی خواردووە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد ئاشکرای دەکات، بەغدا بەھیچ شێوەیەک بە داھاتی خۆی مووچەی پێ دابین ناکرێ، بەڵام جگە لەقەرزی نێودەوڵەتی و ھاوکاریەکان ٣٥ملیار دۆلاری لە پارەی پاشکەوت (یەدەک)ـی خۆی بۆ مووچە و پێداویستی دیکە خەرج کردووە.
ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنانوئابوری لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لێدوانی حکومەتی عێراق لەبارەی ئەوەی کە بە داھات مووچەی فەرمانبەران و پێداویستی خۆیان دابین دەکەن، راست نییە؛ لەبەر ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ـدا عێراق ٨٨ملیار دۆلار پاشکەوتی لە بانکی ناوەندیدا هەبوو، ئێستا بووەتە ٥٣ملیارێک؛ واتە تا ئێستا نزیکەی ٣٥ملیار دۆلاریان بۆ مووچە و خەرجییەکانی دیکە خەرج کردووە."
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی ئەمە جگە لەوەی بەغدا قەرزی لە دەوڵەتان کردووە و پارەی لە ئەمەریکا و بەریتانیا وچەند وڵاتێکی دیکە قەرز کردووە و پشکی ھەرێمی کوردستانیشی خواردووە!
(نەجیب) ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر بەغدا بە داھاتی خۆی بێت، هەرگیز مووچەی فەرمانبەران پێ دابین ناکرێت؛ بەڵام هەر دەوڵەتە و سیادەی ھەیە، بۆیە ھاوکاری دەکرێت و، وەکو ھەرێمی کوردستان نییە کە ناتوانی ئەو کارە بکات؛ ئەی خۆ بەغدا پشکی ھەرێمیش بڕیوە و، نایدات.
بڵند ئیبراھیم




