٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەوڵ دەدرێت عێراق بچێتە نێو ڕێككەوتنامەی ڕۆماوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كوردی ئێزدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، داوایەكیان بە زیاتر لە 9 هەزار واژۆ بەنەتەوەیەكگرتووەكان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆكوەزیرانی عێراق داوە تا عێراق بچێتە نێو ڕێككەوتنامەی ڕۆما بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش دژ بە پێكهاتەكان.

(ڤیان دەخیل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ماوەیەكە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی واژۆمان ئەنجام داوە بۆ ئەوەی گوشارێك لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكەین تا بچێتە نێو رێككەوتنامەی ڕۆماوە كە ئەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتننامەكە كردووە، بەشێكن لە دادگای لاهای (دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان) ئێمەیش كەیسێكی زۆر گرینگمان هەیە كە كەیسی جینۆسایدی ئێزدییەكان و پێكهاتەكانە و چەندین هەوڵمان دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی گشت وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكان ئەو كەیسە بۆ ئەو دادگایە ڕەوانە بكرێت".

(دەخیل) گوتیشی: "تاكە رێگا ئەوەیە عێراقیش دەبێت واژۆ لەسەر ئەو رێككەوتننامەیە بكات و بەشێك بێت لەو رێككەوتنامەیە یاخود رێگا بدات بە دادگای باڵای تاوانەكان تا بێنە عێراق كار لەسەر ئەو كەیسە بكەن، بۆیە ئێمەیش دواكارییەكمان بە ( 9377) واژۆ و بە یەك فایل پێشكەشی ( UN) نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و، ‌لە هەمان كاتیشدا بە ئیمێڵ ڕەوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكامان كرد و هەروەها دوێنێ چاوپێكەوتنم هەبوو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) و دیسان ئەو داوایەم پێشكەشی كرد و داوام كرد بە زووترین كات ئەو بابەتە ڕەوانە بكرێت تا ئەو خەڵكە مافی خۆیان وەربگرن و ئەو كەیسە ببێتە جینۆساید بۆ گشت پێكهاتەكانی نەینەوا، بۆیە (عەبادی) گوتی لەگەڵ ئەوەداین و، باشترین شت لە دەستی ئەودایە تا لیژنەیەك لە دادگای تاوانەكان بێتە عێراق و بۆ ماوەیەك كار بكات كە لە ماوەی ئەو ساڵەی تاوانەكە ئەنجام دراوە لە دژی پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا".

زیاتر گوتی: "داوامان كردووە دادگای لاهای بێن كار لەسەر ئەو كەیسە بكەن كە لە رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014 كە ئەوكات بوو مەسیحییەكان دەركران لە مووسڵ پاشانیش شیعەكان لە تەلەعفەر و شەبەك و پاشانیش لە 3ـی مانگی ئابی 2014 ئێزدییەكان دەركران و تاوانیان بەرانبەر ئەنجام درا و كۆمەڵكوژ كران لە شنگال".

 

نەشوان بەرزنجی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار