داعش لە رێگەی بازگەی شەوانەوە هاووڵاتیان دەستگیر دەكات

مووسڵ-KDP.info- گرووپی تیرۆریستیی داعش لە رێگەی دانانی بازگەی شەوانەوە هاووڵاتیانی سڤیل دەستگیر دەكات و، دانیشتووانی شاری مووسڵیش بە هۆی مەترسیی دەستگیركردنەوە شەوانە نایەنە دەرەوە.
(عیسمەت رەجەب)، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هەڵیانكوتاوەتە سەر خانوویەك كە ژمارەیەك ئەندامی داعشی تێیدا بوونە لە گەڕەكی زەهرای شاری مووسڵ و دوو لە ئەندامانی داعش لەنێو خانووەكەدا كوژراون و چەكدارەكانیش بۆ شوێنی نادیار رایان كردووە".
(رەجەب) گوتیشی: "گرووپی تیرۆریستیی داعش لە رێگەی بازگەی شەوانە لە نێو شاری مووسڵ هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دەستگیركردنی هاووڵاتیانی سڤیل دەست پێ كردووە، بە تایبەتی بۆ دەستگیركردنی گەنجەكان، ئەمەیش بۆوەتە هۆی ئەوەی هیچ هاووڵاتییەك لە دوای سەعات 10ـی شەو لە ترسی دەستگیركردن نەیەتە دەرەوە".
قائید میرۆ




