پەرلەمانتارێک: ناکرێت لە پێدانی مووچەدا ھەرێم لەگەڵ بەغدا بەراورد بکرێت

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، ناکرێت ھەرێمی کوردستان لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی بەراورد بکەین لەگەڵ عێراق، چونکە ئەوان نەک بە داھاتی نەوت، بەڵکو لە بانکی مەرکەزیەوە لە ڕەسیدی عێراق مووچە دابین دەکەن و پشکی ھەرێمی کوردستانیش نادەن، بۆیە پێویست بوو گۆڕان ئەو پرسیارە لە بەغدا بکات نەک کێشەی ھەرێم بباتە بەغدا.
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (بەنگین مزووری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەی مووچە نەک تەنھا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لەھەموو عێراق ھەیە، بەڵام لەعێراق دابەزینی نەوت کاریگەری نەبوو لەبەر ئەوەی مووچە لەبانکی مەرکەزیەوە دابین دەکرێت وھەرێمی کوردستان ئەوەی نییە، بۆیە زیاتر لە عێراق تووشی کێشە بووە و نەیتوانی ھاوشێوەی عێراق مووچە دابین بکات، بۆیە ناکرێت ھەرێم لەگەڵ عێراق بەراورد بکرێت.
(بەنگین مزووری) گوتیشی، ئەگەر گۆڕان لە پەرلەمان باس لەوە دەکات ھەرێمی کوردستان مووچە نادات، بۆ ئەو پرسیارە لە بەغدا ناکات کە چۆن مووچەی ھەموو عێراق دابین دەکەن لەبەر چی یاسا جێبەجێ ناکەن و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش دابین ناکەن لە ڕەسیدی عێراق؟
دەیشڵێ سەرۆکوەزیران خۆی باس لەوە دەکات ئەگەر بە داھاتی نەوت بێت ناتوانن ٣٠% مووچەی فەرمانبەران بدەن، بەڵام لە ڕەسیدی عێراق لە بانکی مەرکەزی ڕایدەکێشن و مووچەی پێ دابین دەکەن.
(مزوری) ڕوونیشی کردەوە، نەدەکرا کێشەی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ببەینە بەغدا لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەوانەی پەرلەمان دژی ھەرێمی کوردستانن و بەو کارەی گۆڕان کردی دڵخۆش بوون، کە ئەمە لە بەرژوەندیی ئەواندا بوو.
بڵند ئیبراھیم




