بە هۆی رەخنەی زۆرەوە، پڕۆژەیاسای بەیاساییكردنی حەشدی شەعبی راگیراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پڕۆژەیاسای بەیاساییكردنی حەشدی شەعبی رەخنەی زۆری لێ گراوە و ناكۆكیی لەسەرە، بۆیە لە ئێستادا راگیراوە و كاری لەسەر ناكرێت.
(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەك پێش ئێستا پەرلەمانتارێكی شیعە پڕۆژەیاسایەكی پێشكەش كرد بۆ بەیاساییكردنی حەشدی شەعبی تا ببێتە بەشێك لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام لەلایەن ئێمەوە رەخنەی زۆری لێ گیراوە و كەموكوڕیی زۆری هەیە، چونكە پێویست بوو لەلایەن حكوومەتەوە رەوانە كرابووایە و دواتر پەرلەمان بۆ ئێمەی رەوانە بكردایە، بەڵام بەو شێوەیە نەبووە".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "ئێمە كارمان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە نەكردووە و لە لیژنەی ئێمە ماوە و راگیراوە و تێبینیی زۆری لەسەرە".
ئەو هەروەها باسی لەوەیش كرد، دەیانەوێت هاوشێوەی سوپای عێراق، بەپێی یاسا هەموو ئیمتیازاتێكیان پێ بدرێت، بەڵام ناكۆكیی زۆری لەسەرە و زەحمەتە بەو شێوەیە بتواندرێت تێپەڕێندرێت.
بڵند ئیبراهیم




