"عێراق پابەندی رێككەوتنەكانی لەگەڵ هەرێم نەبووە"

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێ، عێراق لە رابردوودا پابەندی رێككەوتنەكانی نەبووە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا و، بۆیە پێشناچێ لە داهاتوویشدا پابەند بێ.
(بەنگین مزوری) پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند " كێشەكانی عێراق لە ئێستادا قوڵبوونەتەوە و، دەوڵەتی عێراق پێوەرەكانی دەوڵەتی لەدەستداوە، لەوەی سنوورێكی پارێزراو و حكوومەتێكی ئەوتۆی نییە؛ لەڕووی سەربازیشەوە سوپایەكی بەهێز لەعێراقدا نییە و، زیاتر لە لایەن گروپە چەكدارەكن و میلیشیاکانەوە عێراق بەڕێوە دەبرێت، ئاخر ئەگەر سەروەری عێراق پارێزراوبێت وەك هەر دەوڵەتێكی دیكە نابێ رێگە بدرێت عێراق ببێتە شوێنی ململانێی وڵاتانی ناوچەكە.”
ئاماژەیشی دا، هۆكاری ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ كێشەكانی عێراق خۆی دەگەڕێتەوە، چونكە لەساڵانی رابردوودا عێراق نەیتوانیوە مافەكانی هەرێمی كوردستان وەك پێویست دابین بكات، چەندین جاریش کە رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا کراوە هەر خۆیان پابەندی نەبوونە، ئێستایش وای لێ دەخوێنمەوە کە لە داهاتوویشدا عێراق پابەندی رێککەوتنەکان نابێ و، ئەزموونی رابردوویش ئەمەی سەلماندووە.
قائید میرۆ




