لە بودجەی 2017ـدا، عێراق دەبێت رۆژانە زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بوودجەی گشتیی 2017ـی عێراق وێنەیەكە لەو بوودجەیەی كە لە ساڵی 2015 و 2016 ئامادە كرابوو، تەنیا ژمارەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە و لە بوودجەی 2017 عێراق دەبێت رۆژانە زیاتر لە 3 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات و نرخەكەی بە 35 دۆلار دیاری كراوە.
(سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی 2017ـی عێراق بەپێی ئەو زانیارییەی گەییشتووەتە دەستمان لە لیژنەی دارایی تا دواگۆڕانكاری ئینجا بە فەرمی بۆمان ڕەوانە دەكرێت، ئینجا دەبێتە پڕۆژەیاسا و ئەوەی هەیە لەنێو بوودجەی ساڵی 2017 خەرجی بە 102 ترلیۆن دینار و داهاتیش 70 ترلیۆن و كورتهێنانیش 32 ترلیۆن دیناری عێراقی دیاری كراوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی گوتیشی: "عێراق پێویستە 3ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی نەوت رۆژانە ڕەوانەی دەرەوە بكات و نرخی فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوتی خاویش بە 35 دۆلار دیاری كراوە و بەشی هەرێمی كوردستانیش وەكو ساڵانی پێشوو تێدا هاتووە كە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم و 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووكە، بەمەیش بوودجەی گشتی 2017ـی عێراق وێنەیەكە لەو بوودجەیەی كە لە ساڵی 2015 و 2016 ئامادە كرابوو، تەنیا ژمارەكان گۆڕانكارییان تێدا كراوە."
(سلێڤانەیی) زیاتر گوتیشی: "پلەی دامەزراندن لەنێو بوودجە تەنیا بۆ وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و تەندروستی و پەروەردە دەبێت و هیچ وەزارەتێكی تر ناگرێتەوە و مافی داوە بە فەرمانبەر مۆڵەت وەربگرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە بێ مووچە، هەروەها زیادكردنی باج و كەمكردنەوەی ئەوانەی كار دەكەن لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە و دانانی باج لەسەر كۆمپانیاكانی گواستنە و پەیوەندیكردن لەگەڵ چەندین بابەتی تریش".
نەشوان بەرزنجی




