٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان میکانزمێکی سەرکەوتوویان بۆ ئاوارەکان نەبووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی ئاوارەكانی هەرێم دەڵێ، هەوڵەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراق لە ئاست داواكاری هەرێم دا نەبووە لە هاوكاری كردنی ئاوارەكان، ئەگەر خزمەتێكیشیان كردبێت جیاوازی كراوە لەنێوان ئاین و نەتەوەو مەزهەبەكان و میكانیزمێكی سەركەوتوویان بۆ ئەم پرسە نەبووە.

(شاكر یاسین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆچ‌وكۆچبەرانی هەرێمی كوردستان لە وەزارەتی ناوەخۆ بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێژەی ئاوارە ناوەخۆییەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێک‌و777هەزارو888 كەس. هەوڵەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و حكوومەتی عێراق لە ئاست داواكاری هەرێمدا نەبووە لە هاوكاریكردنی ئاوارەكان. ئەگەر خزمەتێكیشیان كردبێت جیاوازی كراوە لەنێوان ئایین و نەتەوە و مەزهەبەكان."

ئەو بەرپرسەی كۆچ‌وكۆچبەرانی هەرێم ئاماژەیشی دا: "دەمێكە ئێمە لەسەر هێلێن لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندی دارەكانی تایبەت بە كاروباری ئاوارەكان لە عێراق و جیهان بۆ ئەوەی ئامادەكاری پێویست بكرێت بۆ ئەو ڕێژە ئاوارە زۆرە چاوەڕوانكراوەی كە لە شەڕی مووسڵ ئاوارە دەبن. بۆیە چەندین كەمپیش ئامادە كراوە و كار بۆ دروستكردنی چەندین كەمپی تریش دەكرێت."

ڕوونیشی كردەوە: "ئەمجارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی كەم بێتەوە دەیەوێ هەرچی كەمپی نوێیە و دروست دەكرێت لە پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێم دروست بكرێت لەشێوەی ترانزێت. ئێستا وەكو ئامادەكاری بۆ هاتنی ئاوەرەكانی مووسڵ 5 كەمپ لە پارێزگای دهۆك و ناوچەی شێخان دروست دەكرێت و یەكیان ئامادەیە، لە سنووری مەخموریش 2 كەمپ ئامادەیە. بەڵام چاوەرڕوان دەكرێت 750هەزار كەسی تر ئاوارەی هەرێم بن كە ڕێژەیەكی یەكجار زۆرە و بەو 5 كەمپە تەواو نابێت، ئەمەش دەری‌دەخات حكوومەتی عێراق و ڕێكخراوە جیهانییەكان میكانیزمێكی سەركەوتوویان نەبووە بۆ ئاوارەكان."

ڕاشیگەیاند: "بەهۆی خراپیی ڕەوشی خزمەتگوزارییەكان لە ناو كەمپەكاندا بە تێكڕای ڕێژەی ئاوارەكان سەدا١٧یان لە كەمپەكاندانە."

ئاوارەكانی نیشتەجێ کوردستان ٤٠ کەمپیان بۆ دروست کراوە؛ بە هۆی پاڵەپەستۆی ئاوارەكان و شەڕی چاوەروانكراوی مووسڵەوە و كەمپی تریش دروست دەكرێت.

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار