٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی نوێنەران دوو پڕۆژەیاسا دەخاتە دەنگدانەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا دوو پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدان و گفتوگۆیش بۆ ژمارەیەك پڕۆژەیاسای دیكە دەكرێت.

(د. بێریوان خەیلانی)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە بڕیارە ‌دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوە بچێت و سەرەتا دوو پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدان و دوو پڕۆژەیاسای تریش خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت، لەوانە پڕۆژەیاسای كارگێڕیی دارایی و پڕۆژەیاسای هەمواركراوی یاسای تۆڕی میدیای عێراقی ژمارە 26ـی ساڵی 2015."

(خەیلانی) گوتیشی: "هەر لە كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆدا هاتووە، ڕاپۆرت و گفتوگۆ بۆ پڕۆژەیاسای بواردنی ئەو كۆمپانیا و بەڵێندەرە بیانیانە لە باج، دەكرێت كە گرێبەستی گەڕەكانی مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، لەگەڵ تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق و هەروەها تاوتووكردنی هەمواركردنی یەكەمی یاسای بێسەرپەرشتان و تاوتووكردنی پرۆژەیاسای كۆمپانیاكان لەگەڵ پڕۆژەیاسای دەستەی ڕاگەیاندن و گواستنەوە." 

دەشڵێت: "گفتوگۆ دەكرێت لەبارەی بابەتی پێدانی مافی جووتیاران بۆ ساڵی ( 2014-2015 ) لەگەڵ كەمكردنەوەی رێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی بابەتی لیژنەی ڕاستییەكان لەبارەی دزینی مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی پارێزگای نەینەوا و هەروەها لیژنەی چۆنیەتیی خەرجكردنی هاوكاری بۆ ئاوارەكانی پارێزگای نەینەوا و، لە كۆتاییشدا تەواوكردنی هەڵسەنگاندن بۆ كاری پەرلەمانی عێراق دەبێت".

 

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار