شەشهەزار چەكداری میلیشیاکان بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئامادە كراون

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتیوپێكەوەژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژە بە وادەی نزیكبوونەوە هێرشی سەر مووسڵ دەكات و دەشڵێ، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ هێرش بكرێتە سەر مووسڵ، بەڵام بەبێ پێشمەرگە سەر ناگرێت.
(سەیدۆ چەتو) سەرۆكی كۆتلەی برایەتیوپێكەوە ژیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەت و سوپای عێراق زۆر لاوازن لە ڕووی سەربازییەوە، چونكە تا ئێستا هێزی پێشمەرگە توانیویانە ١٣ یەكەی ئیداری لە سنووری پارێزگای نەینەوا ڕزگار بكەن، بەڵام تا ئێستا حكوومەت و سوپای عێراق تەنیا توانیویانە قەزای گەیارە بگرنەوە؛ ئەگەر حكوومەتی عێراق داوا لە هێزی پێشمەرگە نەكات بەشداری شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا بكات ئەوە ئەستەمە عێراق بتوانێ مووسڵ ڕزگار بكات."
چەتو ڕاشیگەیاند: "ئێستا لە سنووری پارێزگا نەینەوا ئامادەكاری دەكرێت بۆ گرتنەوەی مووسڵ ئەویش دامەزراندنی حەشدی جەماوەری بە سەرۆكایەتیی ئەسیل نوجێفی، بێگومان هەماهەنگییان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە، جگە لەو هێزە كە ژمارەیان نزیكەی شەشهەزار چەكدارە هیچ هێزێكی دیكە ئامادە نەكراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ."
قائید میرۆ




