داعش لە گشت میحوەرەكان لاواز بووە

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مووسڵ ڕایگەیاند، داعش زۆر لاواز بوونە و لە نامەیەكدا بۆ ئەمیری داعش، داوای هاوكاریی بەپەلە دەكەن، چونكە لە هەموو میحوەرەكان زۆر لاواز بوونە، بە تایبەت لە میحوەری باشیك.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەییشتوون، ئەمڕۆ شوورای ویلایەتی نەینەوای رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كۆ بووەتەوە و تێیدا نامەیەكی ئاڕاستەی ئەمیری داعش (ئەبووبەكر بەغدایی) كردووە و باسی لەوە كردووە كە لە هەموو میحوەرەكان دۆخیان زۆر خراپە و لاواز بوونە و چەكدار و خۆكوژیان زۆر كەم بووەتەوە، بە تایبەت لە میحوەری باشیك زۆر لاواز بوونە، چونكە هێزی پێشمەرگە لەو میحوەرە زۆر زیانیان بە داعش گەیاندووە".
(مەموزینی) گوتیشی، هەر لە نامەكەدا داوای چەك و تەقەمەنی و داراییان لە ئەمیری داعش كردووە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەیش كرد، داعش تەنانەت سەركەوتنەكانی گەیارە و ناوچەكانی دیكەیش بە هیی پێشمەرگە دەزانن، چونكە باس لەوە دەكەن گەر پێشمەرگە نەبێت، سوپای عێراق توانای ئەو سەركەوتنانەی نییە.
دەشڵێ، ئەمە ئەوە نیشان دەدات كە داعش رۆژ بەڕۆژ زیاتر لاواز دەبن و بەرەو كۆتایی دەچن.
بڵند ئیبراهیم




