ئەمەریکا هۆشداری دا..داعش دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

ئاژانسەکان-KDP.info- کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکایی دەڵێ ترسیان لێ نیشتووە داعش لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا دەست تێکەڵ بکا و، و بەڵێنی پێ بدەن.
جەستن سیبیرێـڵ یاریدەدەری ڕێـکخەری کاروباری دژە تێرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە واشنتن لە ڕێگەی تیڤی کۆنفراسەوە لێـدوانی دا بۆ ڕۆژنامەوانان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
گوتی داعش دەیەوێت لە هەموو ناوچەیەک بڵاوببێتەوە و ئێسـتا چاوی بڕیوەتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تاوەکو پەیوەندی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی ئەو ناوچەیە دروسـت بکات. گوتیشی داعش مێژوویەکی لە پەیوەندی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان هەیە لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانە لە میسر و لیبیا و نایجیریا.
باسی لەوەش کرد خەڵک هەبوون بەڵێنان داوە بە داعش؛ ئەمەش بۆ ئەمەریکا جێی نیگەرانیـیە. گوتی بۆیە لەگەڵ حکومەتی وڵاتاندا هەرچی لە توانایاندا هەبێت دەیکەن بۆ ڕێگەگرتن لەم هەوڵەی داعش.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد داعش لە ئێسـتادا یەکەیەکی هەیە بە ناوی کەتیبەی نوسانتارا کە چەکدارەکانی خەڵکی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیان. گوتی ڕەنگە ئەمانە لە کۆتایـیدا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان و بـبنە جێی مەترسی.
لە سەرەتای مانگی هەشت پـۆلیسی ئەندونیسیا ٦ توندڕەوی دەسـتگیر کرد کە بەنیاز بوون لە نزیک دورگەی باتام هێرشێـکی موشەکی ئەنجام بدەن. بەپـێی پـۆلیس گیگە ڕەحمەت دیوا ڕێبەری گروپەکە بووە و لەگەڵ بەهرون نەعیم کە ئێسـتا لە سووریا شەڕ بۆ داعش دەکات پـلانی هێرشەکەیان داڕشتبوو.
مانگی یەکیش لە جاکرتا پایتەخت ٤ توندڕەوی سەر بە داعش هێرشێـکی چەکداریـیان ئەنجام دا و لە ئاکامدا ٤ کەسی سیڤیل کوژران.
voa




