٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ئامادەبوونی عەبادی كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنەكە بەڕێوە دەچێت و سەرۆكوەزیرانیش بۆ تەواوكردنی كابینە وەزارییەكان ئامادە دەبێت، هەروەها لێپێچینەوەكەی وەزیری بەرگری تەواو دەكرێت و، چواردە بابەتی دیكەیش دەخرێتە دەنگدانەوە.

(د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە سەعات (11)ـی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و لە بەرنامەی كاریشدا هاتووە كە، یەكەم: میوانداریكردنی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی كابینە وەزارییەكەی. دووەم: تەواوكردنی لێپرسینەوە لە وەزیری بەرگریی عێراق. سێییەم: دەنگدان لەسەر یاسای لێبووردنی گشتی. چوارەم: دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و قەدەغەكردنی حزبی بەعسی ڕووخاو. پێنجەم: میوانداریكردنی لایەنی بەرپرس لەبارەی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی یەرمووك. شەشەم: راپۆرتی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لەبارەی تەقینەوەكەی ناوچەی كەڕادەی بەغدا. حەوتەم: دەنگدان لەسەر دادوەرانی دەستەی تێهەڵچوونەوەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە سكاڵاكانی لەبارەی بڕیارەكانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری. هەشتەم: دەنگدان بەشێوەی سەرەتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای قوربانیانی دادپەروەری. نۆیەم: تاوتووكردنی بابەتی تاقیكردنەوەكانی وەقفی سوننە و شیعە. دەیەم: تاوتووكردنی پرسی هەڵگرتنی سەرجەم ئەو سەرپێچیانەی كە كراوەتەوە سەر زۆنگاوەكان. یازدەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای چاودێریی بێسەرپەرشتان. دوازدەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای پەسندكردنی رێككەوتننامەی دارایی تایبەت بە قەرزی بانكی نێودەوڵەتی، كە پێشكەش كراوە. سێزدەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی یاسای بەخشینی كۆمپانیا بیانییەكان و بەڵێندەرانی بیانی لە باج. چواردەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای هەمواركردنی یاسای كۆمپانیاكان. پازدەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای چوونی عێراق بۆ نێو رێككەوتننامەی دەریایی ساڵی 2006 و چوونی عێراق بۆ نێو رێككەوتننامەی بەڵگەنامەی ناسنامەی دەریایی. شازدەیەم: راپۆرت و تاوتووكردنی پڕۆژەیاسای دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراقی".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار