٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

د.تەیسیر ئالووسی: ئەرکی ئەخلاقی حکومەتی بەغدایە داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات

سەرچاوە: KDP.info

خەبات: محەمەد زەنگەنە

ڕووناكبیر و ئەكادیمیستی بەناوبانگی عێراقی د. تەیسیر ئالووسی لەدیمانەیەكی تایبەت بە خەبات پێشنیاری سیستەمی كۆنفیدراڵیی بۆ عێراق كرد چونكە بەبۆچوونی ئەو كۆنفیدراڵیزم لەسوودی گەلی كورد دەبێت بە پلە یەك بۆ دانی سەربەخۆیی زیاتر بە هەرێمی كوردستانی عێراق لەڕووی خۆ بەڕێوەبردن. ئالووسی كە لەكۆنفڕانسی پاراستنی شوێنكەوتووانی ئایین و ئایینزاكانی كوردستان لەسلێمانی بەشدارر بوو بۆ خەباتی دووپاتكردەوە كە ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ لەعێراقدا هەیە زەرەری بەپلە یەك بۆ عەرەبی عێراق هەیە چونكە هەرێمی كوردستان تەنها بەشێكی جوگرافیی ئەم عێراقە نییە بەڵكو ئەمڕۆ ئەم هەرێمە فاكتەری سەقامگیریی عێراقە.


تایفەگەریی سیاسی لەعێراق
د.ئالووسی نەیشاردەوە حكوومەتی عێراق ڕەفتارێكی تایفەیی سیاسیی گرتۆتەبەر بەشێوەیەك كە سنووری ئازادییەكانی بەیەكجاری تەسك كردۆتەوە لەڕووی سیاسی و كولتووری و ئایینیەوە ئەمەش زۆر لەو ئامانجانەوە دوورە كە لەسەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا پلانی بۆ دانابوو و دەیویست بیكاتە بناغە و بنەمایەك بۆ عێراقی تازەی دوای دیكتاتۆرییەت.ئەوەشی نیشاندا ئەمڕۆ تیرۆری دەوڵەت بەشێوەیەیك زۆر ڕوون و ئاشكرا وجوودی لەگۆمەڵگەی عێراقیدا هەیە بەتایبەتی لەسەر ئاستی سەربازیدا و گوتی: كاتێك ئێمە دەنگمان بەدەستوور دا دەنگمان بە ئاوەدانكردنەوە و بەدیموكراسییەت دا نەوەكو تایفەگەری و بێگومان هیچ پەیوەندییەك تایفەگەری و دیموكراسییەت بەیەكتر نابەستێتەوە، لەسەر ئاستی ئابووریش من ئەو پرسیارە لە حكوومەت دەكەم : بەبوونی بودجەیەكی 700 ملیار دۆلاری وەكو in put ی ئەو گەلە لەبەرچی out put ناگاتە 70 ملیۆن دۆلاریش؟ ئەو هەموو ملیارە چیی بەسەر دێت؟ ئایا فەرمانبەرێكی بچووكی دەوڵەت یان دەزگایەك دەیدزێت؟ بۆ زانیاریتان ئێستا عێراق لەڕیزبەندی چوارەمینی وڵاتە گەندەڵەكانە و بێگومان ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبوایە ئەوا لەپلەیەكی پێشتریش دەبوو،ئێمە لەعێراق چەندین دیاردە دەبینین لەوانە كوشتن لەسەر بیر وبۆچوون، تەسككردنی تەواوی سنووری ئازادییەكان، نەبوونی ئارامی و سەقامگیریی سیاسی بەپێچەوانەی هەرێمی كوردستان كە بۆچوونێكی سەركەوتووی بۆ دەوڵەتی مەدەنی هەیە.


ڕەوشتی ڕاستەقینەی سەركردەی سیاسی
ئالووسی ئەوەی دووپاتكردەوە ڕەوشتی سەركردەی سیاسی و سەربازیی وڵات لەوەدا نییە كە بەشێكی وڵات بكاتە هاودژی بەشەكەی دیكەی یان وانیشانی خەڵك بدات كە وڵات بەسەر دووبەرەی هاودژی یەكتر دابەش بووە وئەوەی نەشاردەوە ڕەوشت و هەڵسوكەوتی بەعس كە بەبۆچوونی زۆربەی عێراقییان نەماوە و بەسەر چووە ئەمڕۆ لەنێو سوپادا ڕەنگیداوەتەوە بەوەی كە (سەركردەی گشتیی هێزی چەكدار) بەئارەزووی خۆی و دوور لە عورفی سەربازی ئەفسەر و پلەداران دادەمەزرێنێت ولادەدات وسوپایەكی تایبەت بە خۆی لەدەرەوەی سوپای نیشتیمانیی وڵات دروستدەكات بۆئەوەی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ فەرمان لەو وەربگرن و پەیوەست بن بەخۆی، لەكاتێكدا بەپێی پۆستەكەی خۆی سوپای نیشتیمانیشی كۆنتڕۆڵ كردووە و سوپاسالار كە بەڕێز لیوا بابەكر زێبارییە ئاگاداری هیچ جووڵەیەكی سوپا نییە و سەركردەی گشتیی هێزی چەكدار (كە مالیكییە ) خۆی كەرت و فیرقەكانی سوپا دەجووڵێنێت وهێزی نایاسایی دادەمەزرێنێت وگوتی: من دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی نووسەرانی عێراقی كە لەبەیاننامەكەیاندا داوای وەستانیان لەنێوان هێزی چەكداریی هەردوولا بەڵام ئەمە واتای میانڕەویی سەلبی نیشان نادات بەڵكو من دووپاتیدەكەمەوە، من لەدژی هێزەكانی دیجلەم چونكە هێزی نایاسایی و نادەستوورین، من بەپێچەوانەی بەغدا بۆچوونێكی نیشتیمانی بۆ عێراقێكی یەكگرتوو لەهەرێمی كوردستاندا دەبینم بەوەی كە بە سیاسەتێكی مەدەنییانەوە هەنگاوەكانی خۆی بەڕێوەدەبات بەپێچەوانەی بەغدا كە دەیانەوێ گەلانی عێراق بەرەو موغامەرەیەكی دۆڕاو ببەن، وبێگومان ئەو سیاسەتەی ئەو حكوومەتە پەیڕەویی لێدەكات زەرەر بە عەرەب دەگەیەنێت لە كورد زیاتر چونكە كاتێك مالیكی بە پشت بەستن بە پرەنسیپی بەهێز ولاواز حوكمی وڵات دەكات ئەوكاتە دەتوانین بڵێین ئەمە لەخۆیدا دروستكردنی دیكتاتۆرییەتێكی تازەیە.


پشت بەستن بە بەعسییان
لەو كاتەی مالیكی لەباشووری عێراق هۆشداریی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەعسی و سەددامییان دەدات كەچی لە ناوەڕاستی عێراق و ناوچە دابڕێندراوەكان پشتی پێیانەوە دەبەستێت و وەكو هێزێكی پاڵپشت بەخۆی لەو ناوچانەدا دایاندەنێت وئەمەش لەخۆیدا دوو ڕووێەكی سیاسیی ترسناكە، د.تەیسیر ئەم ڕەفتارەی بەشتێكی ئاسایی دانا بۆ كەسێك كە بیەوێ هەموو ڕەفتارێك بۆ مانەوەی لە كورسی حوكم بە ئەنجام بگەیەنێت لەسەر بنەمای سیاسەتی دابەشكردنی قازانج و وەك د.تەیسیر بۆی چوو لەهەر كاتێك بێت كە كاری پێییانەوە تەواو بوو ئەوا بەبێگومان لێیان دەسووڕێتەوە و جارێكی دیكە لەدژیان دەوەستێ.


كورد ولێدوانەكانی ئەندامانی لیستی مالیكی
لەبارەی لێدوانەكانی ئەندامانی لیستی مالیكی لەبارەی كوردەوە بەوەی كە هاوپەیمانیی كورد و شیعە لەدرۆیەك زیاتر هیچی دیكە نییە و ئەگەر كورد سەربەخۆیی ویست خوای لەگەڵ،د.تەیسیر دووپاتیكردەوە ئەم جۆرە لێدوانانە تەنها بۆ ئەوەیە بیسەلمێنن گرێیەكە لەكورد دایە و ئەو قەیرانە خەتای كوردی تیادایە ئەمەش بێگومان لەواقیعەوە دوورە و گوتی: خاوەنی ئەو لێدوانانە دەیانەوێ وا نیشانی خەڵك بدەن كورد سەقامگیری و سەربەخۆیی عێراقیان ناوێ و بەدووبارەكردنەوەی دەیانەوێ لەسەر ئاستی جەماوەری شێوەیەك لە ناكۆكی لەنێوان كورد وعەرەبدا دروستبكەن ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی فەرمیشدا دەیانەوێ دەسەڵات لەدەستی یەك كەسدا كۆ بكەنەوە و دەستەواژەی حكوومەتی شەراكەت تەنها ببێتە قسە و دروشمێكی ئیعلامی، ئەمڕۆ هاووڵاتیی عێراقی كوشندەترین سیاسەتی برسیكردن و بەندكردنی لەدژدا دەكرێت ودەسەڵاتی بەغدا دەیەوێ هاووڵاتیی عێراقی بێدەنگ بكات وملیۆنەها هاووڵاتی هەژار پشتگوێ بخات، هاووڵاتیی بێتاوان بەبێ هیچ بەڵگەیەك بەند دەكرێن وئافرەتان لەبەندیخانەكاندا قێزەوەنترین شێوەی دەستدرێژیی بێ ڕەوشتانەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئایا لەبەرچی تاوەكو ئێستا حكوومەت هیچ لێكۆڵینەوەیەكی لەكوژرانی كامل شیاع و هادی مەهدی نەكردووە، بێگومان گەڕانەوە بۆ دەستوور و دانی دەسەڵات بە هاوبەشەكانی حوكم باشترین چارەسەرییە وبێگومان هەرێمی كوردستان لەپێشەنگی چارەسەریی دیموكراسیدا دەبێت.


كۆنفیدراڵی و سەربەخۆی پێشمەرگە
د.ئالووسی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەهۆی نەبوونی یاسایەكی جێگیر لەلایەن پەرلەمانەوە بە سنوور دانان لەبەردەم ڕەفتارەكانی سەرۆك وەزیران لەكاتی هەر هەوڵێكی پێ درێژی كە ئەوەش بێگومان بە ئەنقەست كراوە، هیچ چارەسەرییەكی دەستووری بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی ئێستای عێراق ئێستا لەبەرچاو نییە چونكە دەسەڵاتی حكوومەت لەدەستی یەك تاكە كەسدا كۆبوونەتەوە و هیچ دەسەڵاتێك بۆ هاوبەشەكان نەماو، بۆیە ئالووسی پێشنیاری سیستەمی كۆنفیدراڵیی بۆ عێراق كرد چونكە بەبۆچوونی ئەو كۆنفیدراڵیزم لەسوودی گەلی كورد دەبێت بە پلە یەك بۆ دانی سەربەخۆیی زیاتر بە هەرێمی كوردستانی عێراق لەڕووی خۆ بەڕێوەبردن بەتایبەتی لەڕووە سەربازییەكەوە بەوەی كە هێزەكانی پێشمەرگە سەربەخۆیی خۆیان هەبێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان تاكە بەرپرسیار بێت لەسەر ئەو هێزانە و حكوومەتی بەغدا هیچ دەستێوەردانێكی تیادا نەكات ودووپاتیكردەوە ئەوانەی ئەمڕۆ حوكمی عێراق دەكەن ئەگەر پێشمەرگەیان خستەسەر وەزارەتی بەرگری ئەوا زۆر ئاسانە بۆیان جارێكی دیكە جاشایەتی دروست بكەنەوە و بە كورد شەڕی كورد بكەن ئەمەش لەلای سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و زۆرینەی هەرەزۆری خەڵكی كوردستان هێڵی سوورە و كەس قبووڵی ناكات.
د. تەیسیر گوتی: من بە تەواوی لەدژی ئەوەم كە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لەسوپای عێراق چونكە ئەو كەسەی كە ئەمڕۆ سەركردایەتیی ئەو سوپایە دەكات ئەركی خۆی بە تەواوی جێبەجێ ناكات و تەنانەت سوپایەكەشی سوپایەكی نیشتیمانی نییە، من دووپاتیدەكەمەوە ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ لەعێراقدا هەیە زەرەری بەپلە یەك بۆ عەرەبی عێراق هەیە چونكە هەرێمی كوردستان تەنها بەشێكی جوگرافیی ئەم عێراقە نییە بەڵكو ئەمڕۆ ئەم هەرێمە فاكتەری سەقامگیریی عێراقە وسیاسەتی ئەم هەرێمە لەوپەڕی نیشتیمانیبوون و پابەندبوونە بە فیدراڵیزم و یەكبوونی عێراق هەروەها ئەركی حكوومەتی بەغدایە بەڵكو ئەركی ئەخلاقیی حكوومەتی عێراقە داوای لێبووردن لەگەلی كورد بكات لەبری ئەو تاوانانەی ڕژێمی سەددام لەدژی ئەو گەلە ئەنجامی دابوو تەنانەت سەندووقێكی تایبەت بە قەرەبۆكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجەو ئەنفال دابنێت بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە 17 % ی بودجە دەكاتە 12% و كەمتریشی دەكاتەوە تا دەگاتە 9.7% ئەمەش لەخۆیدا بە بۆچوونی ئالووسی گەورەترین هەڵەیە كە حكوومەتی عێراق بیكات.

هەواڵی پەیوەندیدار