پارێزبەندی پەرلەمانییان لێ لادرا

بەغدا-KDP.info-ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و دوو پەرلەمانتاری تر، پارێزبەندییان لێ لادرا تا ببرێنە دادگا.
(سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەیانێكی خوێندەوە و بەرگری لە خۆی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە ئەو تۆمەتانە، هەڵبەستراوە بۆی و، درۆیە؛ گوتی "سوێند بەو خوایە كارەكەم بە ئەمانەت دەكەم" و، پاشان داواكارییەكی نووسی و پێشكەشی سەرۆكی كاتیی پەرلەمانی كرد و گوتی با پارێزبەندییەکەیشم لێ داکەنن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "دوای خستنەدەنگدانی داواكەی سەرۆكی پەرلەمان، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پارێزبەندییەکەیان لێ داکەند؛ پاشان (محەمەد كەربولی) و (تاڵب معماری)ـیش داوایان كرد پارێزبەندییان لێ دابکەنن؛ ئەوە بوو بە زۆرینەی دەنگ پارێزبەندییەکەی ئەو دوو پەرلەمانتارەیشان داکەند هەتا دەستی دادگا واڵا ببێ بۆ لێکۆڵینەوە."
نەشوان بەرزنجی




