ئەحمەد ئاوارە: داعش بەرەو سووریا ڕادەكەن.. دەزانن كۆتاییانە

مووسڵ-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، بەپێی زانیارییەكان، تیرۆریستانی دعش لە مووسڵ بە ماڵ و خێزانەوە بەرەو ڕەققەی سووریا ڕادەكەن و، تاوەكو ئێستایش ژمارەیەكی زۆر چەكداریان هەڵاتوون.
(ئەحمەد ئاوارە)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لەناو شاری مووسڵەوە بەدەست ئێمەوە گەییشتوون، تیرۆریستانی داعش دەستیان كردووە بە راكردن لەترسی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە و سوپا و هاوپەیمانان هێرشی سەر مووسڵ بكەن، چونكە دەزانن هەر كاتێك هێرش كرا، مووسڵ بە ئاسانی ئازاد دەكرێت".
(ئاوارە) گوتیشی: "بەپێی یەكێك لە سەرچاوەكانمان، تەنیا لە گەڕەكێك ٣٠خێزان رایان كردووە كە چەكدار و لایەنگری داعشن، هەموویشیان بە ماڵ و منداڵ وخێزانەكانیانەوە رادەكەن، چونكە دەزانن كۆتاییانە".
ئهو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت، داعشیش هەڵمەتێكی دەست پێ كردووە و ئەوانەی رادەكەن دەیانكوژن و ژن و كچەكانیشیان دەبەن، بۆیە كاتێك رادەكەن، هیچ كەسێكیان بەجێ ناهێڵن.
بڵند ئیبراهیم




